لە کەرکووک عه‌ره‌بی هاورده‌ هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر گوندێكى دیکەی كورد

به‌رپرسی بزووتنه‌وه‌یه‌كى سیاسی: له‌ كه‌ركووك به‌ نه‌فسێكى به‌عسیانه‌ حوكم ده‌كرێ

07/11/2019 - 19:17 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

ژماره‌یه‌ك عه‌ره‌بی هاورده‌، هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر گوندى ته‌رجلی سه‌ر به‌ ناحیه‌ى له‌یلان كه‌ گوندێكى كوردانه‌ و ویستوویانه‌ داگیری بكه‌ن، به‌ڵام له‌لایه‌ن دانیشتووانى گونده‌كه‌وه‌ ڕێگه‌یان لێ گیراوه‌ كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ گونده‌كه‌، به‌رپرسی بزووتنه‌وه‌یه‌كى سیاسی له‌ كه‌ركووك، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، له‌ كه‌ركووك به‌ نه‌فسێكى به‌عسیانه‌ حوكم ده‌كرێ.


هاوكار عه‌لی، خه‌ڵكى گوندى ته‌رجلی سه‌ر به‌ ناحیه‌ى له‌یلانه‌، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "رۆژی پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو، 31/10/2019، ژماره‌یه‌ك عه‌ره‌بی هاورده‌ كه‌ پاڵپشتی ده‌كرێن له‌لایه‌ن ئیداره‌ى كه‌ركووك و هه‌روه‌ها پۆلیسی فیدڕاڵی عێراقه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ گونده‌كه‌ چۆڵ بكه‌ین و پاشان ئه‌وان نیشته‌جێ بكرێن، به‌ڵام پێیانمان گوت كه‌ هه‌رگیز ئه‌م گونده‌تان بۆ چۆڵ ناكه‌ین، راسته‌ هه‌ندێكیان له‌ كاتى به‌عس گرێبه‌ستیان بۆ كراوه‌ له‌ گونده‌كه‌ كه‌ ئه‌مه‌شیان بۆ ته‌عریب بووه‌، به‌ڵام دواى ساڵی 2003 گه‌ڕانه‌وه‌ و ئێمه‌ زۆربه‌مان خاوه‌نى تاپۆین، به‌ڵام وه‌ك گوتم داوا ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ گرێبه‌سته‌كانیان بۆ نوێ بكرێته‌وه‌".


گوتیشی، به‌داخه‌وه‌ تاوه‌كوو ئێستا كه‌ ده‌یان به‌رپرسی كوردمان له‌ به‌غدا هه‌یه‌ نه‌یانتوانیوه‌ كێشه‌ى گرێبه‌سته‌ كشتوكاڵییه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و ئێستا جارێكى تر ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ كێشه‌ بۆمان، به‌ڵام هه‌رگیز گونده‌كه‌یان بۆ چۆڵ ناكه‌ین، چونكه‌ موڵك و ماڵی خۆمانه‌ و زۆرینه‌مان به‌ كارى ئاژه‌ڵدارى و كشتوكاڵییه‌وه‌ سه‌رقاڵین و له‌راستیدا دۆخمان ئێستا ناله‌باره‌ و ره‌نگه‌ جارێكى تر ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ و شه‌ڕ دروست بێت له‌نێوانمان و گونده‌كه‌مان خاوه‌نى نزیكه‌ى حه‌وت هه‌زار دۆنم زه‌وییه‌.


له‌م باره‌یه‌وه‌، ئه‌ده‌هم جومعه‌، به‌رپرسی بزووتنه‌وه‌ى مافی كورد له‌ كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ سه‌رده‌می به‌عسدا عه‌ره‌بی هاورده‌ هێنراونه‌ته‌ سنوورى گونده‌كانى سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك، دیاره‌ گوندى ته‌رجلیی سه‌ر به‌ ناحیه‌ى له‌یلانیش یه‌كێكه‌ له‌و گوندانه‌ و پاش ساڵی 2003 عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ شوێنه‌كانی پێشوویان و ئێستا جارێكى تر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌ نه‌فه‌سێكى به‌عسییانه‌ له‌ كه‌ركووك حوكم ده‌كرێ و هه‌وڵی داگیركردنى گونده‌ كوردییه‌كان ده‌درێت، به‌ڵام خۆراگریی گوندنیشنان به‌رز ده‌نرخێنین له‌ به‌رامبه‌ر عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان".


گوتیشی، له‌و كرده‌وه‌یه‌شدا راكان جبوورى رۆڵێكى خراپ ده‌گێڕێ و ده‌بێ هێزه‌ كوردییه‌كان فشاری زیاتر بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى رێگرى بكه‌ن له‌و كرده‌وه‌ خراپانه‌ى كه‌ له‌ دژی كورد ده‌كرێ، به‌تایبه‌ت له‌م دۆخه‌ى عێراق ئێستا تێی كه‌وتووه‌ و هه‌ست ده‌كه‌ین ده‌رفه‌ت هه‌یه‌ بۆ گۆڕانكارى و كار بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ركووك له‌و دۆخه‌ ناله‌باره‌ى ده‌ربهێنرێت.


پێوه‌ند به‌م باسه‌، مه‌ریوان جه‌لال، به‌رپرسی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنى لقی كه‌ركووكى پارتی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "گوندى ته‌رجل گوندێكى كوردانى ناوچه‌ى قه‌ره‌حه‌سه‌نى سه‌ر به‌ ناحیه‌ى له‌یلانه‌ له‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك، پێش پرۆسه‌ى ئازادیى عێراق، به‌عس عه‌ره‌بی هاورده‌ى لێ نیشته‌جێ كردبوون و دواتر گه‌ڕانه‌وه‌ و ئێستا جارێكى تر ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ هاتوونه‌ته‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستى داگیركردنى زه‌ویى كشتوكاڵی ئه‌و كوردانه‌ و ئێستاش ده‌سه‌ڵات پشتگیرییان ده‌كات و تا ئێستا چه‌ند جارێك هه‌وڵیانداوه‌ گونده‌كه‌ داگیر بكه‌نه‌وه‌، خۆشبه‌ختانه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ڕێگه‌یان نه‌داوه‌ و هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى له‌یلانیش كه‌سێكى باشه‌ و ئه‌و له‌گه‌ڵ یاسا و خه‌ڵكه‌كه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ر هه‌وڵ هه‌یه‌ بۆ داگیركردنى گونده‌كه‌ له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌ هاورده‌كانه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن راكان جبوورییه‌وه‌ پشتگیری ده‌كرێن".


ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ئه‌و حاڵه‌تانه‌ له‌ سنوورى داقووق و دووبز و شوێنه‌كانى تریش هه‌بووه‌ و ئه‌وانه‌ى سنووری داقووق به‌فعلی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سه‌ر گونده‌ كوردییه‌كان و ئێستا ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێ ناوچه‌ عه‌ره‌به‌ هاوره‌كان ناهێڵن به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كورده‌كان كه‌ خاوه‌نى زه‌وییه‌كانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كه‌ بۆ سه‌ردانێكیش، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌ زه‌قی به‌ڕێوه‌ ده‌چێ و له‌وه‌ش ترسناكتر ئەوەیە خێزانه‌ داعشه‌كان كه‌ له‌ سنوورى موسڵه‌وه‌ هێنراونه‌ته‌ سنوورى له‌یلان و نیشته‌جێ كراون.


logo

Copyright ©2019 Basnews.com. All rights reserved