له‌ كه‌ركووك دزینی ئۆتۆمبێل و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵان بووه‌ته‌ دیارده‌

پۆلیسی كه‌ركووك: باندێك ده‌ستگیر كراون كه‌ 14 ئۆتۆمبێلیان دزیوه‌

06/11/2019 - 21:25 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

له‌ شارى كه‌ركووك، دزینى ئۆتۆمبێل و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵان بووه‌ به‌ دیارده‌، به‌رپرسێكى پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ى شار بێ حاكمه‌، وێڕای دزینى ئۆتۆمبێل، هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵانیش هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كورد شاره‌كه‌ جێ بهێڵن.


به‌پێی راگه‌یاندراوێكى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى پۆلیسی كه‌ركووك، كه‌ وێنه‌یه‌كى بۆ (باس) نێردراوه‌ و تێیدا هاتووه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تىی نه‌هێشتنی تاوانى سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیی پۆلیسی كه‌ركووك، باندێكى دزینى ئۆتۆمبێلیان ده‌ستگیر كرد، كه‌ بریتین له‌ سێ كه‌س و له‌ كاتى ده‌ستگیركردنیشیاندا دوو ئۆتۆمبێلیان پێ بووه‌، كه‌ دزیویانه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین سویچی جۆكه‌ریان پێ بووه‌، كه‌ هه‌ر بۆ دزینى ئۆتۆمبێل به‌كاریان هێناوه‌.


راگه‌یاندراوه‌كه‌ ئاشكراى كردووه‌، ئه‌و سێ دزه‌ تۆمه‌تباره‌ى ئۆتۆمبێل، دانیان به‌وه‌دا ناوه‌، كه‌ 14 ئۆتۆمبێلیان له‌نێو شارى كه‌ركووك دزیوه‌ و پاشان به‌پێی ماده‌ى 443 له‌ یاساى سزادانى عێراقی دادگایی ده‌كرێن.


سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "دزینى ئۆتۆمبێل له‌ شارى كه‌ركووك بووه‌ته‌ دیارده‌ و ته‌نانه‌ت هاووڵاتییه‌ك ئه‌گه‌ر ئۆتۆمبێلێكى گرانبه‌های پێ بێت ناوێرێت له‌ پاركێكى راگرتنی ئۆتۆمبیل، ئۆتۆمبێله‌كه‌ى ڕابگرێ و ئه‌گه‌ر ڕاشی بگرێ، ئه‌وا له‌ دڵه‌ڕاوكێدا ده‌بێت تا كاره‌كه‌ى ته‌واو ده‌كات و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گه‌راجه‌كه‌، ئاخۆ ئۆتۆمبێله‌كه‌ى دزراوه‌ یاخود نا، هه‌روه‌ها له‌به‌ر زۆریی بانده‌كانى دزینى ئۆتۆمبێلیش، خه‌ڵك له‌ شه‌واندا ناوێرن ئۆتۆمبێل له‌پێش ده‌رگاى حه‌وشه‌كانیان دابنێن، ته‌نانه‌ت له‌نێو حه‌وشه‌ى ماڵانیش ئۆتۆمبێل ده‌رهێنراوه‌ و دزراوه‌".


هاوكات سه‌رچاوه‌كه‌، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، دیارده‌یه‌كى دیكه‌ى ناشارستانى له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازى كه‌ركووكه‌وه‌ رووبه‌ڕووى گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌كانى كه‌ركووك بووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌ویش خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ به‌ بیانووى پشكشنین هه‌ڵده‌كوترێته‌ سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌كان و هه‌فته‌ى رابردوو له‌ گه‌ڕه‌كى په‌نجا عه‌لیی شارى كه‌ركووك، هێزێكى ئه‌منیى كه‌ركووك له‌ به‌ره‌به‌یانییه‌كى زوودا، كه‌ خه‌ڵك هێشتا له‌نێو خه‌ودا بووه‌ هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵان له‌سه‌ر ده‌رگاوه‌ خۆیان كوتاوه‌ته‌ حه‌وشه‌ى ماڵان و ره‌فتاره‌كانیان هاوشێوه‌ى دز و مافیا بووه‌ و پاشان به‌ شێوه‌یه‌كى زۆر ناشارستانى ماڵی خه‌ڵکیان پشكنیوه‌، ئه‌م ره‌فتاره‌ ناشارستانییه‌ ژن و منداڵێكى زۆری ترساندووه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ تیرۆر و داعش زیاتر له‌ ناوچه‌ عه‌ره‌بنشینه‌كاندا هه‌یه‌، نه‌ك ناوچه‌ كوردییه‌كان.


له‌م باره‌یه‌وه‌، دیارى حوسێن، جێگیری سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى كه‌ركووك - گه‌رمیانى پارتی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "له‌ كه‌ركووك هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵان و دزینى ئۆتۆمبێلیش هه‌یه‌، من ده‌ڵێم كه‌ شار بێ حاكم بوو، دز بێته‌ خاوه‌ن ماڵ و كه‌ د‌زیش بووه‌ خاوه‌ن ماڵ، ئیتر هیچی تێدا ناهێڵنه‌وه‌، واقیعه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، واتا دز ئێستا له‌ كه‌ركووك هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى هه‌یه‌ دزەكه‌یه‌".


ڕاشی گه‌یاند، ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى هه‌یه‌ له‌ شاره‌كه‌، پێشتر هاوكارى تیرۆریستان و یارمه‌تیده‌ر بوونه‌ بۆ كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانیان، بۆیه‌ شار وێران ده‌بێ و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵانیش به‌بیانووى پشكنین هه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ كورد شاره‌كه‌ جێ بێڵێت و بابه‌ته‌كه‌ هه‌ر ئه‌مه‌یه‌. 16ی ئۆكتۆبه‌ریش كه‌ به‌ خیانه‌ت كرا، هه‌ر بۆ ئه‌مه ‌بوو، كه‌ كورد له‌ شاره‌كه‌ نه‌مێنێ و هه‌نگاو به ‌هه‌نگاویش كار له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كه‌ن و كه‌ركووك به‌ئاسانى ده‌ستیان كه‌وتووه‌ و به‌ئاسانیش نایده‌نه‌وه‌.


پێوه‌ند به‌م باسه‌، ڕه‌سووڵ ره‌ئووف، به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندى كه‌ركووكى حزبی سۆشیالیست، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "ئه‌و دۆخه‌ى له‌ كه‌ركووك هاته‌ پێشه‌وه‌، هه‌لی زیاتری بۆ دزینى ئۆتۆمبێل رەخساندووە، به‌تایبه‌ت له‌م قۆناخه‌دا، كه‌ حوكمى سه‌ربازى به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا سه‌پێندراوه‌، ئه‌مه‌یان جۆرێك نائارامیى له‌ كه‌ركووك دروست كردووه‌، له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017 تاوه‌كوو ئێستا دۆخه‌كه‌ ئاسایی نه‌بووه‌ته‌وه‌ و له‌ حوكمى سه‌ربازیدا زۆر له‌و حاڵه‌ته‌ دزێوانه‌ دروست ده‌بن، ئه‌و باند و كه‌سانه‌ ده‌توانن ئاسانتر دزی بكه‌ن، ئه‌و هێزه‌ى له‌ كه‌ركووكدان، هێزى ناوخۆی كه‌ركووك نین و شاره‌زای كێشه‌ و گرفته‌كانى كه‌ركووك نین و شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كانیش ئامانجیان ئه‌وه‌ نییه‌ دۆخى كه‌ركووك سه‌قامگیر بێت".


گوتیشی: ”دیاره‌ ئه‌وان وه‌كوو ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازى به‌ مه‌به‌ست هێنراون بۆ كه‌ركووك، بۆیه‌ هه‌موو كات ئه‌و جۆره‌ دیارده‌ ناشرینانه‌ ده‌بن و بگره‌ زیاتریش ده‌بن، مادام ناو نراوه‌ حوكمى سه‌ربازى، ئه‌مه‌یان ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ، كه‌ ژیانێكى ئاسایی تێدا نییه‌، بۆیه‌ ئه‌و شتانه‌ چاوه‌ڕوانكراون، وه‌كوو دزینى ئۆتۆمبێل و كوشتن و ڕفاندن و بگره‌و به‌رده‌ و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵان“.

 


logo

Copyright ©2019 Basnews.com. All rights reserved