لە بەردەوامیی خۆپیشاندانەکانی عێراقدا ململانێی هێزە شیعەکان دەچێتە قۆناغێکی توندوتیژترەوە

دیندار نەجمان دۆسکی: ئەو ژمارە کوژراو و بریندارەی هەیە، پێمان دەڵێت کە جەنگەکە دەستی پێکردووە، تەنیا رانەگەیەنراوە

06/11/2019 - 20:08 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

هەفتەیەک زیاترە خۆپیشاندانەکانی عێراق لە شارە شیعەنشینەکان بەردەوامن و هێزە سیاسییە باڵادەستەکانی شیعەش هەریەکەیان ئەجێندای خۆیان خستووەتە ناو خۆپیشاندانەکانەوە، ئێستاش دوای توندوتیژییەکی زۆر، کە لەم ماوەیەدا روویان داوە، پێشبینی دەکرێت ململانێکانی سەر ملی خۆپیشاندانەکان، توندوتیژیی زیاتری لەنێوان ماڵی نێوخۆیی شیعە لێ بکەوێتەوە.


ناوچە شیعەنشینەکان لە باشووری عێراق، بە شاری بەغداشەوە، زیاتر لە هەفتەیەکە بۆ جارێکی دیکە، توندتر لە جاری پێشوو ڕووبەڕووی شەپۆڵێکی تێکەڵ لە خۆپیشاندان و خۆدەرخستنی چەکدارانەی لایەنە دژ بەیەکەکانی شیعە بووەتەوە، بەجۆرێک لەم جەنگە رانەگەیەنراوەیە دەیان کوژراو و بە هەزاران برینداری لێ کەوتووەتەوە، کە بەپێی دوا ئاماری فەرمیی دەستەی مافی مرۆڤ لە عێراق، لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تاوەکوو ئەمڕۆ 260 کوژراو لە هەردوولا و 12 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.


بە جۆرێک چاودێران پێیان وایە، ئەوەی ئێستا لە عێراق روو دەدات، پەیوەندیی بەوەوە هەیە، کە هەر هێزە و ئەجێندای سیاسیی خۆی تێکەڵ بە داوای خۆپیشاندانەکان کردووە، کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ داوای راستەقینەی خۆپیشاندەران یەک ناگرێتەوە، کە لە سەرەتادا هەیانبوو، هەر لە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە و گۆڕینی سەرۆک وەزیران، تا دەگات بە بابەتی گۆڕینی دەستوور، کە هەموو ئەو بابەتانە روونن و هیچ پەیوەندییەکیان بە بابەتی داوای خەڵک بۆ کار و خزمەتگوزاری و نەهێشتنی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازییەوە نییە، بەڵکوو ئەوە جۆرێکە لەو ململانێیەی کە هێزە سیاسییەکانی شیعەکان ساڵانێکی زۆرە لە هەناوی خۆیاندا هەڵیانگرتووە و ئەمڕۆ لەسەر شەقامەکاندا، بەهۆی ئەو میلیشیا چەکدارانەی هەیانە، بەسەر یەکدیدا هەڵیدەڕێژن، تا ئاستی ئەوەی پێشبینی دەکرێت، ئەو دۆخە بەرەو ئاڵۆزتر و توندوتیژتریش هەنگاو بنێت و دواجار شەڕی ناوخۆی ناوماڵی شیعەی لێ بکەوێتەوە.


لەمبارەیەوە، سیاسەتوان، دیندار نەجمان دۆسکی، بۆ (باس) رای گەیاند، خۆپیشاندانەکان تا ئێستا تائیفی و ناوچەیین و پەیوەندییان بە باڵە ناکۆکەکانی ناو هێزە شیعەکانەوە هەیە.


گوتیشی: “بێ گومان خەڵکێکی زۆری بێکار و هەژار، هاوکات کەسانێکی دیکەش بە خەیاڵی هاتنە کایەی ڕژێمێکی باش، هاتوونەتە سەر شەقام، بەڵام بابەتەکە ئێستا هیچ پەیوەندیی بە خۆپیشاندەرانی خۆڕسکەوە نەماوە، ئەوەی هەیە ئەجێندا و ململانێی ناوماڵی شیعەکانە و ئەگەر بەراوردی بکەین بە سەرەتای داوای خۆپیشاندەران لە بێکاری و خزمەتگوزاری و نەمانی گەندەڵی، لەوەی ئێستا بە گۆڕینی دەستوور و سیستەمی سیاسی، دەبینین ئەو داوایانە هەژموونی سیاسییان بەسەرەوەیە و لە دەستی خەڵکی خۆپیشاندەر دەرهێنراون بۆ دەستی نوخبەیەکی سیاسیی شکستخواردوو، کە لەدوای 2003ەوە دەستیان بەسەر جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدا گرتووە”.


ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەی بەوەش دا، لەم دۆخەدا هەموو شتێک ئەگەری هەیە روو بدات، بەتایبەتی شەڕی ناوخۆی ناوماڵی شیعەکان، چونکە دابەشبوونی لایەنە شیعەکانی بەسەر دوو بەرەی جیاواز، بۆ خۆی پەیامێکی مەترسیدارە، کە ڕەنگە ڕێک نەکەون و شەڕێکی ناوخۆیی لێ بکەوێتەوە.


گوتیشی: “ئەو ژمارە کوژراو و بریندارەی هەیە، کە بەپێی ئامارەکان زۆرن، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە جەنگەکە دەستی پێکردووە، تەنیا رانەگەیەنراوە و ئەگەری ئەوە هەیە ئەگەر رێک نەکەون و کۆنتڕۆڵ نەکرێت، سەنگەری ئاشکرای چەکداری لە یەک بگرن و بە فەرمی بچنە قۆناغی شەڕی چەکدارییەوە”.   


لای خۆشیانەوە، جێنین هێنیس پلاسخارت، نوێنه‌ری تایبه‌تیی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق (یونامی)، له‌سه‌ر په‌یجی فه‌رمیی خۆی له‌ (فه‌یسبووك) بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌: "ئه‌مڕۆ عێراق له‌به‌رده‌م دووڕیانێكدایه‌، یان پێشوه‌چوون کە له‌میانه‌ی گفتوگۆوە دەبێت، یانیش بەرەو په‌رته‌وازه‌یی و هه‌ڵوه‌شانه‌وه دەڕوات‌".

 


logo

Copyright ©2019 Basnews.com. All rights reserved