راپۆرتە چەواشەکارییەکان لەبارەی کورد و کەرکووکەوە!

 من و كەركووك - 30

هەمیشە باوەڕم وابووە کە كوردانی نیشته‌جێی وڵاتانی ئه‌وروپا و كوردانی تاراوگه‌ به‌گشتی، ده‌توانن كاری رێكخراوه‌یی زیاتر و باشتر ڕێك بخه‌ن، چونكه‌ ده‌وڵه‌‌تانی ڕۆژئاوایی ئه‌و ئاسانكارییه‌ی بۆ كه‌سانی چالاكوان كردووه‌ تا داواكارییه‌كانیان لەڕێی چالاكییه‌ سیاسی و فەرهەنگی و كۆمه‌ڵایەتییه‌كانەوە، به ئاسانترین شێوە به‌ گه‌لانی تر بگه‌یەنن.


مخابن له‌ كۆی ئه‌و هه‌موو چالاكییانەی‌ بۆ كه‌ركووك كراوه‌، تا ئێستاش نه‌توانراوه‌ كه‌یسی كه‌ركووك له‌ناو په‌رله‌مانی ئه‌وروپادا بجووڵێنرێت و زیاتر بایه‌خی پێ بدرێت، چونكه‌ پێوەند بە کەرکووک هه‌میشه‌ بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كان كراوه‌ته‌وه‌ نەک به‌رژه‌وه‌ندییە نه‌ته‌وه‌ییەکان، كه‌ركووك به‌هۆی بوونی ئه‌و فرە‌نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییەیەوە زۆر گرفتی بۆ خوڵقاوه.‌ بەشێک لە نوێنەرانی هه‌ندێك نه‌ته‌وه‌ی تر كه‌ له‌و شاره‌ ده‌ژین هۆكارن بۆ شێواندنی کەیسی كه‌ركووك وەک شارێکی كوردستانی‌.


بیرمە له‌ كۆنفرانسێكدا كه له‌لایه‌ن بەشێکی توركمانه‌ رادیكاڵه‌كانی ناو كه‌ركووك له‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا سازیان دابوو، له ‌داڕشتن و نووسینه‌وه‌ی ئه‌و راپۆرتانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر کەرکووک نووسیبویان، زۆر چه‌واشه‌كاری كرابوو، ئه‌وكات كۆپییه‌كی ئەو راپۆرتانەم بۆ چه‌ند لایەنێك نارد تا‌ كاری له‌سه‌ر بكه‌ن، پێم گوتن نابێت به‌م جۆره‌ باس له‌ شاری کەرکووک كه ‌زۆرینه‌ی كورده‌، بكرێت، کارەسات لەوەدا بوو ئه‌و گرووپه‌ی كه ‌وا خۆیان ناساندبوو گوایە دانیشتووی رەسەنی کەرکووکن به ‌ناوی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی کەرکووکەوە قسه‌یان ده‌كرد.


زۆر جار كه‌ به‌شداریم له‌و كۆنفرانسانه‌دا ده‌كرد تووشی نائومێدییەکی زۆر دەبووم، چونكه‌ وه‌ك تاك نه‌مده‌توانی وه‌ڵامێكی توند له‌جێی خۆیدا بدەمەوە، ئه‌و كه‌ماسییه‌ زۆره‌ش بۆ ئه‌وه ‌ده‌گەڕایه‌وه‌ كه‌ وه‌ك لۆبی به‌شداریمان نه‌بوو له‌و كۆنفرانسانەدا تا له ‌سۆنگه‌ی هێزه‌وه‌ وه‌ڵامی لەجێ و دروستمان هه‌بێت، بو ئەو زانیارییە‌ ناڕاست و نادروستانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر کورد و كوردستان و کەرکووک باسیان لێوه‌ ده‌كرا.


هه‌رچه‌نده‌ من وه‌ك ئافرەتێکی خێزاندار و دایكی دوو منداڵ، ئه‌ركی ماڵداری و خێزانییم زۆر له‌سه‌ر بوو، بەڵام ئەوە نه‌بووه‌ ڕێگر له‌بەردەم كاره‌كانمدا، بەڵکوو هه‌میشه‌ کەڵکەڵەی پرسی كوردستانم لە هزردا بووە، بۆیه‌ زۆربه‌ی كات هه‌وڵم ده‌دا هاوسه‌نگییه‌ك له‌نێوان ژیانی هه‌نده‌ران و ژیانی كوردستاندا دروست بكه‌م، ئه‌مه‌ش فاكته‌رێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی زێده‌تر بتوانم چالاك بم له ‌هاویشتنی هەر هەنگاوێک كه‌ بناغه‌ی كوردستان پته‌وتر بكات. ئەوەبوو هەر بەهۆی فراوانیی په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسییه‌كانم له ‌كاری رێكخراوه‌ییدا، توانیم هه‌ندێك پێنگاڤ بنێم و پردێك دروست بكه‌م له‌نێوان كوردستان و هەندێ لە وڵاتان، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی بردنه‌وه‌ی شاندی باڵای ڕێكخراوەیی جیاواز و كه‌سایه‌تی و سیناتۆری ئه‌مریكی بۆ کوردستان، تا بتوانرێت سوود له‌ ئه‌زموونی ڕۆژئاواییه‌كان وه‌ربگیرێت له‌ گەشەپێدانی دیموکراسی و ئاوه‌دانکارییدا.


ئه‌و شاندانه‌ی كه‌ له‌ڕێگه‌ی منه‌وه‌ هاتنه‌ كوردستان، شاندی فره‌ بوار بوون، شاره‌زاییان لە بواری ئابووری، ئاسایشی ناوخۆیی و نه‌ته‌وه‌یی، ژینگه و ریسایكلین و یاسا و رێساكانی هاتوچۆدا هەبوو، هه‌ر یه‌كێك له‌م شاندانه‌ چاویان به‌ به‌رپرسان و بازرگانه‌كانی هه‌رێم ده‌كه‌وت تا گفتوگۆ له‌سه‌ر بناغه‌ی كاری نوێ و گه‌شه‌سه‌ندنی نوێ له ‌كوردستان بكه‌ن.


لەم چالاکییانەشمدا، هه‌میشه‌ کەرکووک له‌ پێشەوەی لیستی كاره‌كانماندا بوو، چونكه‌ من بڕوام وابوو كه‌ کەرکووک ئه‌و شاره‌یه‌ پێویستی به‌م جۆره‌ پرۆژانە‌یه‌ بۆ گه‌شه‌ی ئابووری، هه‌ركات له‌گه‌ڵ شانده‌كان لە ئەوروپاوە بچوومایه‌ بۆ کەرکووک، له‌لایه‌ن د. نه‌جمه‌دین كەریم پارێزگاری کەرکووکەوە بەگەرمی پێشوازیمان لێ ده‌كرا و زۆر هاوكار بوو تا بتوانین سه‌ردانه‌ فه‌رمییه‌كه‌مان له‌ پرۆژه‌ مه‌یدانییه‌كانی کەرکووکدا ڕه‌نگ بداته‌وه‌ و ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌كی باش بۆ ئاوه‌دانی و گه‌شه‌سه‌ندنی کەرکووک، هه‌رچه‌نده‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ رکابەرێکی زۆر هه‌بوو له‌ مه‌یدانی كاركردنماندا و نه‌مان ده‌توانی باشتر ئه‌و كارانه‌ رێك بخه‌ین، به‌ڵام دڵخۆش بووم به‌وه‌ی هه‌ندێك له‌ پڕۆژه‌كانمان لە کەرکووکەکەی خۆم، ‌سه‌ركه‌وتووانه‌ ئه‌نجام دران.


یادگارییه‌كی خۆش هه‌م بۆ من و هه‌میش بۆ ئه‌و گرووپه‌ تێكه‌ڵه‌‌ی كه ‌پێكهاتبوون له‌ نوێنەرانی هه‌ریه‌ك له‌ وڵاتانی ناوچه‌ی باڵكان، رووسیا و ئه‌مریكا كه‌ چووین بۆ کەرکووک.. جارێکیان سه‌ره‌تا میوانی پارێزگاری کەرکووک بووین، پاشان سه‌ردانی شاره‌وانیی کەرکووکمان كرد، دوای ته‌وابوونی كاره‌كانمان من بانگھێشتی زەماوەندی بووک گواستنەوەی خزمێکی کەرکووکیم كرابووم كه‌ ڕێكه‌وتی زەماوەندەکە هه‌مان ئەو ڕۆژە بوو كه‌ یاوەریی ئەو شاندەم کردبوو بۆ کەرکووک، پێشوه‌خت باڵوێز فیكتۆر جاكۆفیچم ئاگادار كردبوو كه‌ بانگێشتنامه‌ی ئاهه‌نگی ناسیاوێكم بۆ هاتووه‌ و ‌گه‌ر پێتان خۆشه‌ بۆ كاتێكی كورت پێکەوە ده‌چین و بەشدار دەبین پاشان ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، باڵوێز ڤیكتۆر، بەخۆشحاڵییەوە گوتی: "بۆ نا؟ هه‌موومان ده‌‌چین".


پاش چوونمان بۆ ئاهه‌نگه‌كه‌ كه ‌له‌ هۆڵێكی داخراودا ساز کرابوو له‌سه‌ر ڕێگه‌ی کەرکووک - هه‌ولێر، ئاهه‌نگێكی خۆش بوو، منیش دڵی خۆم ڕازی كرد و کەمێک هەڵپەڕکێم کرد، شانده‌كه‌ ئاهه‌نگ و شایی و هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردییان زۆر پێ جوان بوو، ئێمه‌ پێش میوانانی تر ئاهەنگەکەمان جێ هیشت بەو نیازەی بگەڕییێنەوە هەولێر، لێ دیارییه‌كه‌ی باڵوێز فیكتۆر بۆ بووك و زاوا بەلامەوە زۆر سه‌رنجڕاكێش بوو، ده‌فته‌رێكی نووسینه‌وه‌ی بیرەوەری بوو كه‌ بووک و زاوا لەدوای زەماوەندی هاوسەرگیرییەوە ئیدی بیرەوەرییەکانی خۆیانی تێدا دەنووسنەوە، دیار بوو ئه‌م جۆره‌ بیركردنه‌وه‌ و نەریتە له‌لای ئه‌وان باوه‌، لێ ‌بۆ ئێمه‌ی كورد ئەم شتانە زۆر جێی بایەخ نیین، ئەگەرچی لە دیدی منەوە دیارییەکی زۆر جوان و مانابەخش بوو.


ئیدی من به‌رده‌وام وه‌ك رێكخه‌ری كاره‌كانی باڵوێز فیكتۆر له‌ كوردستان كاره‌كانم رایی‌ ده‌كرد، ئەو‌یش له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستان پلان و كاره‌كانی ڕێك ده‌خست، به‌م شێوه‌یه‌ هه‌میشه‌ پلانی دوورمه‌ودامان ئاماده ‌ده‌كرد تا بتوانین گه‌شه‌ به‌م پرۆژانه‌ بده‌ین و كوردستان پته‌وتر و بناغه‌ی به‌هێزتر بێت، بەڵام مخابن كورد وته‌نی "هه‌میشه‌ مڵۆزمێك دێته ڕێت و ریسەکەت لێ دەکاتەوە به‌ خوری"، لەو سەروبەندەدا هێرشی رێکخراوی تیرۆریستیی ده‌وڵه‌‌تی ئیسلامی (داعش) بواری ئه‌وه‌ی نه‌دا درێژه ‌به‌ كاره‌ مرۆیی و ئاوەدانییەکانمان بدەین، چونكه ‌له‌پڕێكدا جیرانێكی نه‌خوازراوی قێزه‌ونی دڕنده‌ به‌درێژایی هه‌زار و په‌نجا كیلۆمه‌تر بۆ هه‌رێمی كوردستان قوت بووەوە‌، ئه‌مه‌ش جۆرێك له‌ ئیفلیجی و سستیی بۆ زۆربه‌ی پرۆژه‌كانی هه‌رێمی کوردستان و کەرکووکیش دروست كرد، زۆر وڵات هەم له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌ت و هه‌م له‌سه‌ر ئاستی ئۆرگان و رێكخراو و کۆمپانیاکانیان، كار و چالاكییه‌كانیان لە کوردستان راگرت یان زۆر كه‌میان كرده‌وه، ‌له‌به‌ر دڵنیا نه‌بوونیان له‌ پلانی داهاتوویان و ناڕۆشنبوونی به‌رچاویان له‌ كوردستانی سبه‌ی.


سەرلەنوێ شه‌ڕ و نه‌هامه‌تی به‌رۆكی كوردستانی گرته‌وه، خەڵکی زۆر لە ناوچە کوردستانییەکان (کێشە لەسەرەکان)‌ له‌ ده‌ستی دڕنده‌ی داعش خۆیان قوتار كرد، هه‌ندێكیش بوونە دیلی دەستی چەکدارە هووڤییەکانی داعش، یان شەهید کران.


یه‌كێك له‌و کارەسات و رووداوە زۆر خوێناوی و تاڵانەی ئەو رۆژانە، هێرشی له‌ناكاو و دڕندانه‌ی چەکدارانی داعش بوو بۆ سه‌ر شنگال و بەرپاکردنی جینۆسایدێک دژی كوردانی ئێزدی بوو، ئەوەش كاره‌ساتێكی گەورەی خوڵقاند كه ‌برینه‌كانی له‌ ئه‌نفالی گەرمیان و بارزان و بادینان و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه كه‌متر نین، بە هەزاران کچ و ژن و منداڵ و پیاوی ئێزدی کەوتنە دەست چەکدارانی داعش، پیاوانیان شەهید کرد و کچان و ژنانیان کردە کەنیزەک و لە بازاڕی خۆیاندا مامەڵەیان پێوە دەکردن، منداڵانیش وەک هەموو شەڕێک، قوربانییەکی سەرەکیی ئەو کارەساتە بوون، دڵنیام ئەو تاوانە هەرگیز لە هزری کوردستانیان و لە بیری کوردانی ئێزدی ناچێتەوە، جینۆسایدی کوردانی ئێزدی وەک زۆربەی جینۆسایدەکانی تری کە دژ بە کوردان و کوردستانییان کران، مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەی نیودەوڵەتییشی شەرمەزار کرد.

 

logo

Copyright ©2019 Basnews.com. All rights reserved