ڕۆژنامه‌نووسانى عێراق ته‌نیاترینن

 

• (مەعالی وه‌زیر)ەكانی عێراق خۆش ئه‌ى گوزه‌رێنن، له‌وه‌ ناچێت هه‌ست به‌ بوونى هیچ كێشه‌یه‌ك له ‌عێراقدا بكه‌ن، ئه‌و وه‌زیرانه‌ى كه‌ مه‌عنین به‌ كێشه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى هاووڵاتییان له‌ عێراق، هه‌وه‌كوو وه‌زیرى ته‌ندروستى، وه‌زیرى كار، وه‌زیرى رۆشنبیرى و ناوخۆ، بۆچوونیان له‌سه‌ر ئه‌م دۆخه‌ى عێراق نییه‌، تا ئاستێكى زۆر نابینیت لێكدانه‌وه‌ و شیكردنه‌وه‌یان بۆى هه‌بێت، ته‌نیا وه‌زیرى ناوخۆیه‌، كه‌ داواى دابه‌شكردنى ئاوى خواردنه‌وه‌ به‌سه‌ر خۆپیشانده‌راندا ده‌كات. ئه‌مانه‌ نموونه‌یه‌كن له‌و ژماره‌ به‌رپرسه‌ى عێراق، كه‌ بێده‌نگییان له‌و سه‌دان هه‌زار كه‌سه‌ كردووه‌، كه‌ له‌سه‌ر جاده‌كان ڕاوه‌ستاون و لێیان ده‌درێت و ده‌كوژرێن، له‌ سۆشیال میدیادا، په‌یجى کەسی‌ و فەرمیى ئه‌م وه‌زیرانه‌ شیكارییه‌ك یان گوتارێكى بۆ ئه‌م دۆخه‌ى عێراق تیادا نییه‌، ته‌نانه‌ت به‌ هه‌واڵێكیش باسی ناكه‌ن. ئه‌م جه‌نابى وه‌زیرانه‌ له‌ ژووره‌ كه‌شخه‌كانیاندا هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌ى خۆیان نه‌كه‌وتوون، له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ى په‌یوه‌ندیى به‌ خۆپیشانده‌ره‌وە ‌نییه‌. له‌ناویاندا وه‌زیرى ناوخۆ هه‌یه‌ و وێنه‌یه‌كى خۆی داناوه‌، كه‌ له‌ناو خۆپیشانده‌راندایه‌، ئه‌ویش دونیایه‌ك كۆمێنتى پڕ تانه‌ى بۆ هاتووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ ته‌مسیله‌ و هێزه‌كانى عێراق به‌ توندوتیژى ڕووبه‌ڕووى خۆپیشانده‌ران ڕاوه‌ستاون. لێره‌وه‌ كێشه‌ى بێهه‌ستیى ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر هاووڵاتى ده‌بنرێت.

• وێنه‌یه‌كى دیكه‌ى ده‌سه‌ڵات له‌ عێراقدا بریتییه‌ له‌ دابڕینی كۆمه‌ڵگه‌ له‌یه‌كتر، پووچه‌ڵكرنه‌وه‌ى كارى میدیا به‌ وه‌ساتن‌ و بڕینى هێڵی (ئه‌نته‌رنێت)، ئه‌مه‌ش پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ى ئازادیى كارى ڕاگه‌یاندن‌ و ڕۆژنه‌مه‌گه‌ری‌ و ژیانى تایبه‌تى هاووڵاتییان بوو، كه‌ له‌ عێراقدا بینرا. خراپیی ڕه‌وشى به‌ڕێوه‌بردنى خۆپیشاندانه‌كان زۆر ڕه‌نگى له‌سه‌ر كارى ڕۆژنامه‌نووسی دایه‌وه‌، تا ئه‌و ئاسته‌ى كه‌ به‌شداریى له‌ ڕووماڵى ڕووداوه‌كانیشدا تا ئاستێكى زۆر نه‌كرێت، ئه‌م دووره‌په‌رێزییه‌ى میدیاى عێراقی له‌م ساتانه‌دا، ده‌یان مه‌ترسیی به‌دواوه‌یه‌، هه‌روه‌كوو پیشاننه‌دانى خۆپیشانده‌ره‌كان‌ و ئاشكرانه‌كردنى هه‌ڵوێستى حكوومه‌ت‌ و گفتوگۆنه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و چۆڵكردنى گۆڕه‌پان بۆ ده‌سه‌ڵات‌ و مه‌زهه‌بگه‌رى‌ و بۆ سه‌رچاوه‌كانى ئاژاوه‌‌ و پاشان بۆ گه‌نده‌ڵى. ئه‌م كاره‌ى حكوومه‌ت‌ و ده‌سه‌ڵاتداران هیچ مانایه‌كی بۆ ئازادیى كارى رۆژنامه‌گه‌رى‌ و ئازادىی تاك نه‌هێشته‌وه‌، ئه‌م ڕه‌فتاره‌ى ده‌سه‌ڵات له‌ عێراق، بێ گومان سه‌رچاوه‌كه‌ى بیركردنه‌وه‌ى دیكتاتۆریه‌ت‌ و دواكه‌وتوویى‌ و ترس له‌ ده‌رخستنى راستییه‌كانه‌، كه‌ له‌ كه‌موكوڕییه‌كانى ئه‌وان پێكهاتووه‌، میدیا بیانییه‌كانیش ئه‌وه‌نده‌ گرنگییان پێ نه‌دا، به‌ڵام ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى ئاسایی كردی كه‌م نه‌بوو بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م كاره‌ى ده‌سه‌ڵاتداره‌كانى عێراق، وه‌كوو تۆماركردن به‌ مۆبایلی زیره‌ك، دواتر پێشكه‌شكردنى.

• لێكدانه‌وه‌ بۆ خۆپیشاندان‌ و خۆپیشانده‌ر، له‌م وڵاته‌دا به‌تایبه‌تى‌ و به‌گشتیش له‌م ناوچه‌یه‌دا، كه‌ خۆپیشاندان ده‌كرێت، پێش ئه‌وه‌ى بگوترێت خوپیشانده‌ر چی ده‌وێت؟ ده‌گوترێت خۆپیشانده‌ر كێی له‌پشته‌وه‌یه‌؟ ئه‌مه‌ش شكستى داواكارییه‌كان به‌دواى خۆیدا ده‌هێنێت، هه‌میشه‌ و چه‌ند قوربانییه‌كى لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ و دواتر خۆپیشانده‌ران به‌ ده‌ستى خاڵى ده‌چنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، وه‌ك زۆر له‌ جاره‌كانى تر، ئه‌وه‌ى سه‌ركرده‌یه‌كى وه‌ك سه‌در ده‌یكات، بێبه‌هاكردنى خۆپیشاندان‌ و موزایه‌ده‌یه‌كى ناشرینه‌ به‌سه‌ر هێزه‌كانى ترى عێراق‌ و پاشان به‌سه‌ر بارودۆخى گشتیی ناوه‌ڕاست‌ و باشوورى عێراق، ئه‌و به‌ ویستى خۆی جه‌ماوه‌رى تایبه‌تى خۆی ده‌جووڵێنێت، ئه‌و ده‌زانێت كه‌ جه‌ماوه‌ر ده‌چنه‌ ژێر كاریگه‌ریى گوتاره‌كانى، ڕه‌نگه‌ زۆر له‌ هاووڵاتییانیش، كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى رۆحى یان مه‌زهه‌بی یان دینى یان نه‌ته‌وه‌ییان به‌ سه‌دره‌وه‌ نه‌بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بن كه‌ خۆپیشاندان دژى گه‌نده‌ڵى له‌ عێراقدا ڕەوایه‌تیی هه‌یه‌، ڕه‌نگه‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانیش ده‌رهه‌ق به‌ خۆپیشاندانیان توندتیژیشیان به‌رامبه‌ر كرابێت، كێ له‌پشت ئه‌م بابه‌ته‌وه‌یه‌، ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌كانى عێراق، بۆ له‌م ساته‌دا؟ بۆ به‌و شێوازه‌ حكوومه‌ت وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه‌؟ ئه‌مانه‌ ده‌رخه‌رى بارودۆخى سیاسیى عێراقن‌ و ترس له‌ دۆڕاندن‌ و ترس له‌ نه‌بوون به‌ سووریا‌ و ترس له‌ ته‌شه‌نه‌كردنى ململانێ سیاسییه‌كان، هه‌موو ئه‌مانه‌ و زۆر شتى تریش ڕاسته‌ بۆ عێراق‌ و بۆ به‌لاڕێدابردنى داخوازیى هاووڵاتییان. وڵاتێك له‌ (39) ملیۆن هاووڵاتی، سه‌روو (7) ملیۆن هاووڵاتیى نه‌خوێنده‌وار بێت! له‌ %38ی هاووڵاتییانى له‌ خوار ته‌مه‌نى (15) ساڵییه‌وه‌ بێت، كه‌ ئاینده‌ى وڵاتێكى گه‌نجه‌، بۆ نابێت دایكان‌ و باوكان له‌ خه‌مى ڕۆڵه‌كانیاندا بن، بۆ نابێت براكان له‌ خه‌مى زیاتر له‌ (3) ملیۆن بێوه‌ژنى خوشكیاندا بن، بۆ نابێت دایكان له‌ خه‌مى زیاتر له‌ (9) ملیۆن منداڵى بێ باوكدا بن؟ وڵاتێك كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌ى دیكه‌ى تێدابێت، بۆ نابێت هه‌ستكردن به‌ زوڵم هه‌بێت؟ وڵاتێك نه‌وتى زۆرتره‌ له‌ ئاو، بۆ نابێت هاووڵاتییانى وه‌کوو به‌رپرسانى سوودمه‌ند بن له‌ نه‌وتاو؟

 

logo

Copyright ©2019 Basnews.com. All rights reserved