ئێمه‌ راو ناکرێین!

 

زۆر ئاشكرا ده‌ركه‌وت، كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان وه‌ك نێچیرێك هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌نێو چه‌مێكدا بین، كه‌ هیچ ده‌ره‌تانێكمان نه‌بێت، سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه‌ش، هێزی داگیركه‌ر وا هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا (به‌ خه‌ڵك و خاك و مێژوومانه‌وه‌) كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌راتێك بین بۆ خه‌ڵكانێك، كه‌ نه‌ مێژوویان هه‌یه‌ و نه‌ به‌هانه‌ی ژیان، بێ هیچ كۆت و به‌ندێك، به‌وه‌ی خاكمان بێ په‌رژین و به‌ره‌ڵڵایه‌. له‌ كاره‌ساته‌كه‌ی ئێمه‌دا، هیچ لایه‌نێكی بێ گوناح نییه‌، كورد ته‌نیا مانه‌وه‌، خه‌ڵكانێكیش هه‌ن له‌نێو ئه‌و گه‌لانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵماندا ده‌ژین، هاوسۆزی ئێمه‌ن، كه‌ ئه‌وانیش وه‌ك ئێمه‌ له‌ كاره‌ساتدا ده‌ژین و رۆژ بۆ كۆتاییهاتنی ئه‌و غه‌دره‌ ده‌ژمێرن.


رژێم، هه‌ر زوو په‌له‌ی بوو خۆی بگه‌یه‌نێته‌ كۆبانێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌دا بێت، كه‌ كورد بڵێ هاواره‌ فریامان بكه‌وه‌، تا ئه‌ویش هه‌ڵوێستی نیشتمانی بۆ خۆی تۆمار بكات، ئه‌و هه‌له‌ش له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ بقۆزێته‌وه‌، ئۆپۆزسیۆنیش له‌مه‌ی كه‌ رووی ده‌دا، دوو سوودی ده‌بینی: دوورخستنه‌وه‌ی كورد له‌ به‌شداریكردنی له‌ داڕشتنی ئایینده‌ی سووریا، باری په‌نابه‌رانیش له‌سه‌ر توركیا سووك بكات، چونكه‌ بابه‌تی په‌نابه‌ران ئیدی له‌ توركیا بۆ ئۆپۆزسیۆن بووه‌ته‌ مایه‌ی نیگه‌رانی، توركیا به‌ئاشكرا ده‌یه‌وێت په‌نابه‌ران ده‌ربكات، به‌ر له‌ هێرشه‌كه‌شی بۆ سه‌ر رۆژاڤای کوردستان، به‌ هه‌زارانی لێ ده‌ركردن.


هێنده‌ی نه‌برد ره‌وشه‌كه‌ له‌ ئاستی ده‌سته‌بژێردا روون بووه‌وه‌، نه‌ك له‌ ئاستی عه‌وامدا، مه‌به‌ستیش لێره‌دا ده‌سته‌بژێری سیاسییه‌، به‌ واتای ئه‌وه‌ی ئیدی كه‌سانێك دركیان به‌ راستیی باسه‌كه‌ كرد، راستیی باسه‌كه‌ش په‌یوه‌ندیی به‌ هه‌ڵوێستی دوو ده‌وڵه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌: رووسیا و ئه‌مەریكا.


سه‌رنجێك: روون بووه‌وه‌، كه‌ دیواری هه‌رێمی، به‌ تایبه‌تی توركیا به‌گوێره‌ی خواستی نه‌ته‌وه‌یی و چاوتێبڕینی خۆییه‌وه‌ كار ده‌كات، نه‌ك له‌ رێی سیاسه‌ت و په‌یبردن به‌ ئاكامی هه‌ر هه‌نگاوێك، كه‌ بینێت، بۆیه‌ ده‌بینین كه‌ شڵه‌ژانی پێوه‌ دیاره‌، ده‌ست له‌ دیپلۆماسیه‌تی شه‌ڕ و هێرشبردن هه‌ڵناگرێت.


هه‌ڵبه‌ت، ئیدی دۆخی كورد ره‌وشێك نییه‌ ته‌نیا تایبه‌ت به‌ خۆیان بێت، به‌ڵكوو ئه‌م ره‌وشه‌ ئیدی ده‌نگ و سه‌دایه‌كی هه‌یه‌، كه‌ سنووری ناوخۆ و ته‌نانه‌ت هه‌رێمیشی به‌زاند و ده‌شبینین یه‌كێك له‌ پاساوه‌كانی لادانی ترامپ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ چۆن ره‌فتاری له‌گه‌ڵ كورددا كردووه‌، هه‌روه‌ها چونكه‌ له‌ رێی پشتكردن له‌ كورد گه‌مه‌ی به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مەریكا وه‌ك ده‌وڵه‌تێك كرد، بۆیه‌ هه‌ر زوو پاشگه‌ز بووه‌وه‌، به‌ ئامانجی راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێسته‌كه‌ی، به‌ چه‌شنێك كه‌ كار له‌ به‌ڵێنه‌كانی نه‌كات، چ له‌گه‌ڵ رووسیا و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ توركیاش.


رووسیاش زۆر به‌ وردی چاودێریی ئه‌مه‌ی كرد، له‌ چركه‌ساتێكدا ئاره‌زووی ئه‌وه‌ی له‌ لا بزواند، كه‌ چۆن سوود له‌ كاته‌كه‌ ببینێت، رووسیا زانیی كه‌ رۆژانی داهاتوو بۆ ئه‌مەریكا هه‌سته‌وه‌ر ده‌بن:
-گه‌نگه‌شه‌ له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی لادانی ترامپ!


-پرسی كێبڕكێی ناوخۆی ئه‌مەریكا و بابه‌تی هه‌ڵبژاردن.


له‌ گه‌رمه‌ی ئه‌م كێشمه‌ كێشمه‌دا، ئاخۆ كورد چ قازانجێك ده‌كات، كه‌ هه‌ر ته‌نیا خۆیان گورزی قورس و سووتێنه‌ر ده‌خۆن، جا چ له‌ رێی شه‌ڕی راسته‌وخۆوه‌، یان هێرش و په‌لاماره‌وه‌، یان له‌ رێی شه‌ڕی ده‌روونییه‌وه‌، ئه‌م شه‌ڕی ده‌روونییه‌ش ساڵانێكه‌ كورد گیرۆده‌ی بووه‌، رۆژانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر ناوچه‌كانمان لێ ده‌كرا.


ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین، ئه‌وه‌ی روو ده‌دات شتێكی سه‌یر نییه‌، سه‌ربرده‌ی دوورخستنه‌وه‌ی كورد و دابڕینیان له‌ رێڕه‌وی ئاسایی خۆیان، كه‌ له‌ ئایینده‌ی سووریاش وه‌ك لایه‌نێكی بێهێز بیانهێننه‌ پێش، ساڵانێكه‌ پتر له‌ ده‌وڵه‌ت و لایه‌نێك كاریان له‌سه‌ر ئام بابه‌تە كردووه‌، هه‌ڵبه‌ت كاره‌كه‌ ته‌نیا له‌ سنووری ئه‌وانه‌دا نامێنێته‌وه‌، كه‌ كاریان بۆ لاوازكردن یان سڕینه‌وه‌مان كرد، به‌ڵكوو له‌ رێی ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنانه‌وه‌ ئێمه‌ دوو كارتمان ده‌كه‌وێته‌ چنگه‌وه‌:
یه‌ك: گواستنه‌وه‌ی پرسه‌كه‌ له‌وه‌ی تایبه‌ته‌ به‌ كورد، بۆ ئاستی پرسێك، كه‌ ره‌هه‌ندێكی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌یه‌ و په‌یوه‌ندیی به‌ به‌رژه‌وه‌ندی و هه‌ژموونی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ هه‌یه‌.


دوو: بایه‌خی ئێمه‌ له‌وه‌ی ناوچه‌كه‌مان ئامێزێكی راسته‌قینه‌ی فره‌ییه‌، ئه‌مه‌ش رێ بۆ ئه‌وه‌ خۆش ده‌كات، كه‌ ببێته‌ نموونه‌یه‌ك بۆ پێكه‌وه‌ژیان..


وتاره‌كه‌ له‌ دوو رسته‌دا:


له‌ هه‌ناوی كاره‌ساته‌وه‌ به‌هێز بیت، له‌ شكستیشه‌وه‌ سه‌ركه‌وتن دابمه‌زرێنیت، ئه‌گه‌ر بزانین وه‌به‌رهێنان له‌وه‌دا بكه‌ین، كه‌ هه‌مانه‌.

 

 

logo

Copyright ©2019 Basnews.com. All rights reserved