دیمەنی ناوەوەی وێنە سیاسیيەکان

 

دیمەنی وێنە سیاسیەکان وەک دیمەنی ئەو وێنانە نیە ئێمەی خەڵک ڕۆژانە بەهۆیی جوانی سروشتی دەوروبەرمان دەیان چرکێنین و دەیان کەینە بەشێک لە یادگاریە جوانەکانی ڕۆژانی ڕابردوومان ، بەڵام بەپێچەوانەی ئەو سادەیی و جوانیەی دیوی ناوەوەی وێنەکانمان  سیاسیەکان کاتێک وێنەی دیمەنێکی سیاسی دەچرکێنن زۆر شتی شاراوە دەگەێنێ و زۆر کات پەیامەکان ڕوون نابن و ئامانجەکان جۆرێکی تر دەبن.

 

گەیاندنی پەیام و تێگەیشتن لەناوەڕۆکی ئەو پەیامانە زۆر جار داهاتوو و دەرەنجامی رووداوەکان دەری دەخەن و ڕاستیەکان بەدیار دەکەون ، ئەو ڕووداوانەی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و ناوچەکە پێمان دەڵێن ئێمە لەکوێی پێوەرە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی عێراقی ئەمڕۆداین ، دیمەنی وێنەکان هێندە ئاڵۆزو تێکەڵ و تێئاڵۆسکاون تەنانەت سیاسیەکانیش بەخۆیان ناتوانن دیمەنەکانی ژیانی خەڵک و ئارامی سیاسی و گوزەران ماف و خواستی خەڵک وپێداویستیەکانی هاوڵاتیان و ئەرکی نیشتمانی و ئەخلاقی خۆیان لە وێرانی و سەرگەردانی ئەمڕۆیی گۆڕەپانی سیاسی ئەم وڵاتەدا لێک جیابکەنەوە.

عێراقی دوای 2003 هیوایەک بوو بۆ نەگەڕانەوەی ئەو دیمەنە تاڵ و خەمناکانەی لەسەردەمی دەسەڵاتە یەک لەدوایەکەکانی عێراق جارێکی دی نەگەڕێنەوە و عێراق و کورد و نەتەوەکانی دی مافەکانیان دەستەبەربکرێن و ئارام بژین  ، بەڵام نەک تەنها کورد و کەمەنەتەوایەتیەکانی دی ئارامی سیاسیان نەبوو بگرە دانیشوانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دۆخی ژیانیان خرابتر بوو ، پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی ئاسودەیی و ئارامی لەهەرێم زۆر زیاتر بوو سەرەڕایی هەموو دژایەتیەکانیانبۆ  کورد تا ئەو پێشکەوتنە بوەستینن و گوزەرانی خەڵکی هەرێمیش وەک ناوەڕاست و خوارووی عێراقی لێبکەن.

 

کورد بەتایبەت تر ئەوبەشە گرنگە بوو لە دروست کردنەوەی عێراق جێ دەستی دیاربوو ، چونکە کورد لەو دیمەنە جوانانەوە کاری بۆ دروستکردنەوەی عێراقێکی مۆدێرن دەکرد و هیوایی لەسەر بنیاد دەنا ، تا وڵاتێک لەسەر بنەمایی دیموکراتیەت و پێکەوە ژیان و ئازادی و ئارامی وژیانی سەردەمیانە لەڕێگای دەستورو یاساو دامەزراوەکانیەوە بەڕێوەببرێت.

 

سەرەتایی هەوڵەکان ئاستەنگ و قورس بوون بۆ کورد ، بەڵام وێنەکان و دیمەنە خەماویەکان شتێکی تریان پێ وتین و دیمەنێکی جیاواز لە وێنەکانیان نیشانداین ، ئەوەی دیمان هیچ جیاوازنەبوو لە دیمەن و ڕووداوەکانی پێشوو تەنها لوکەیشنی وینەکان و کارەکتەرە سیاسیەکان و دەموچاوەکان و ڕەنگی وینەکان جیاوازی هەبوون.

بەنیسبەت عێراقیشەوە ئەم سیاسیانەی ئەمڕۆ بەناوی مەرجەعیەت و پەیامی ئیسلامیەوە دەیان گروپ و میلیشیاوە دەستیان بەدەسەڵاتەوە گرتووە و ئەم وڵاتەیان وێرانکردووە و تەنانەت بوونە هۆیی ئەوەی گروپی تیرۆرستی دروست ببن و ڕۆژانە تەقینەوە و خەڵک کوشتن بکەنە دیاری عێراق و بەشێک لە دیمەنی وێنەکانیان خوێناوی بکەن ، کاتێکیش خەڵک دێتە شەقام هەمان ئەوانەی کارەکتەری سەرەکی تێکدانی دۆخی عێراقن خۆیان دەکەنە خاوەنی و دەیانەوێ لە سەرەوەی ئەو شەپۆلە جەماوەریەوە دیوی ناوەوەی وێنەکانیان بچرکێنن.

 

ئەمڕۆ عێراق بە دۆخیکی مەترسیدارو نادیاردا دەڕوات و دەستی زۆرێک لایەن و ڵاتانی ناوچەکە بە فڵچە وبۆیەی ڕەنگاو ڕەنگ دەیانەوێ دیمەنی وێنەی سیاسی ئەمڕۆیی عێراق بەخوێن بکێشنەوە و هەمان دەست و هەمان ئەوانەی دەیانەوێت عێراق و ناوچەکە ئارام نەبێت ، هەوڵی ئەوەش هەیە دۆخی هەرێمیش بەلاڕێدا بەرن و ئاڵۆزی لە کوردستانیش دروست بکەن ، ئەرکی نیشتمانی و ئەخلاقی ئێمەو کورد لەوەدایە یەکگرتووبین و پابەند بین بە بەهێزی و مانەوەی هەرێمی کوردستان و وەلانانی هەندێ گلەیی و کیشەی نێوخۆیی تا لەم دۆخە ماترسیدارەیی عێراقدا بەسەلامەت ئیمەی کورد تێپەڕینین و لەو وێنە خوێناویەدا بوونمان نەبێت . ئەمەش چەندە ئەرکی لایەنە سیاسیە کوردیەکانە هێندەش ئەرکی ئێمەی هاوڵاتیە بەهەند ئەم دۆخە ترسناکە وەربگرین.

 

logo

Copyright ©2019 Basnews.com. All rights reserved