78 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا كه‌شتیی ده‌ریایی كوردستان نوقم كرا

لەو کاتەوە كوردستانێك سه‌ربه‌خۆیی وه‌رگرت!

گه‌میى (kurdistan ss) كه‌شتییه‌كى ده‌ریایی گواستنه‌وه‌ى كه‌لوپه‌ل بوو، كه‌ به‌شێك بوو له‌كه‌شتى گه‌لى بازرگانى به‌ریتانى، ئه‌م كه‌شتییه‌ له‌ساڵى 1928دا بونیادنرا و كه‌وته‌ ناو خزمه‌تكردن، تا 10ى دیسێمبه‌ر (كانوونى یه‌كه‌م)ى 1941 كاتێك له‌لایه‌ن كه‌شتیی ژێرئاوى (U-130)ى ئه‌ڵمانیاى نازى به‌ دوو بۆمبی تۆڕبیدى كرایه‌ ئامانج و نوقمى ئاوى ئۆقیانووسی ئه‌تڵه‌سى كراو له‌گه‌ڵیدا 10 ده‌ریاوان خنكان و 56 یان رزگاركران.

كةشتى (kurdistan ss) له‌نیوۆركه‌وه‌ به‌بارێكى 5844 تۆن له‌خۆراك و كوتاڵ و كانزا بنه‌ڕه‌تییه‌كان به‌ره‌و به‌نده‌رى مانجیسته‌رى به‌ریتانى به‌ڕێ كه‌وتبوو به‌تایبه‌تیش ئه‌وسا ئه‌وروپا له‌به‌ر ئاگرو دۆزه‌خی جه‌نگى دووه‌مى جیهانی پێویستى به‌رده‌وامى به‌ خۆراك و پۆشاك و كانزا بنه‌ڕه‌تییه‌كانى پیشه‌سازى هه‌بوو بۆیه‌ ئه‌و كه‌لوپه‌له‌ پێویستیانه‌ى رۆژانه‌ى خه‌ڵك و به‌ره‌كانى جه‌نگى له‌ئه‌مریكاوه‌ هاورده‌ ده‌كران.

له‌مێژووى ده‌ریاوانى جیهانیدا حه‌وت كه‌شتى به‌ناوى كوردستان له‌ناو ده‌ریادا هه‌بوون، كۆنترینیان ساڵى 1895 بوونیادنرابوو، دوایین كه‌شتیش ساڵى 1973 كه‌وتبووه‌كار، كه‌ هه‌ر هه‌موویان وه‌كو كوردستان و گه‌له‌كه‌ى بێ وه‌یی و ئاشتیخوازبوون و هیچیان كه‌شتى جه‌نگى نه‌بوون، به‌ڵكوو زۆربه‌یان كه‌شتى بازرگانى گواستنه‌وه‌ى كه‌لوپه‌ل و تانكه‌رى گواستنه‌وه‌ى نه‌وتى خام بوون، هه‌ندێكیان نقومبوون و هه‌ندێكیشيان كۆن و كه‌نه‌فت بوون و كه‌وتنه‌ ده‌ره‌وه‌ى خزمه‌ت و پارچه‌پارچه‌كران.

له‌ئێستادا هیچ كه‌شتییه‌ك له‌ناو ده‌ریا و ئۆقیانووسه‌كاندا به‌ناوى كوردستانه‌وه‌ نییه‌، دوور نییه‌ هۆكاره‌كه‌ى فشارى وڵاتانى داگیركه‌رى كوردستان بێت، چونكه‌ ئه‌وان هه‌میشه‌ له‌ناوى كوردستان و نه‌ته‌وه‌ دلێره‌كه‌ى تۆقیون و ئه‌م ناوه‌ بۆتە دێوزمە و خه‌وزڕایان ده‌كات و ئارامیان لێده‌بڕێت.

ئێستا دواى 78 ساڵ، كه‌شتى ده‌ریایی (kurdistan ss) به‌ئارامى له‌قوڵاییى ئۆقیانووسی ئه‌ته‌ڵه‌سیدا له‌نگه‌رى گرتووه‌و ژوور و كۆگا و كوون و كه‌له‌به‌ره‌ ژه‌نگ هه‌ڵاتوه‌كانى هه‌تاهه‌تایه‌ بۆته‌ ئارامگه‌یه‌ك، ماڵێك، نیشتمانێكى ئازاد و سه‌ربه‌خۆ بۆ زینده‌وه‌ره‌ ده‌ریاییه‌كانى ئۆقیانووس، وادیاره‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و مرۆڤایه‌تى بۆ سه‌ربه‌خۆبوونى نه‌ته‌وه‌یه‌كى 50 ملیۆنى هه‌میشه‌ دژ و له‌مپه‌رن و ته‌نها سه‌ربه‌خۆیی (kurdistan ss) به‌ ره‌وا ده‌بینن، ئه‌ویش چونكه‌ ئێستا له‌قوڵایی ئۆقیانووس دایه‌ و دووره‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى و ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونى ئه‌وان. ئایا کەی كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تیى شه‌رمه‌زار و رووره‌ش له‌ئاست مافى ره‌واى چاره‌نووسمان وه‌ئاگا دێته‌وه‌؟ یاخود باشتره‌ بڵێین كه‌ى ئێمه‌ى گه‌لى كوردستان تێئه‌گه‌ین و پێئه‌گه‌ین كه‌ جگه‌ له‌سه‌ربه‌خۆیی نیشتمان هیچ سیستم و حوكمڕانییه‌كى تر دادمان نادات و چاره‌سه‌رییه‌كانى تر هه‌ر هه‌موویان جۆرێكن له‌جۆره‌كانى داگیركردن و كۆلۆنیالى و كۆیله‌كردن؟!

 

سڵاو و خۆشه‌ویستیم بۆ ماسی و ئۆكتاپیۆس و قرژاڵ و كرمۆكه‌ و شه‌یتانۆك و مه‌رجان و گشت زینده‌وه‌ره‌كانى ترى ناو نیشتمانى (kurdistan ss)، سڵاو له‌و كه‌سانه‌ش كه‌ باوه‌ڕی ته‌واویان به‌ مافى چاره‌نووسى كوردستان هه‌یه‌ و كۆڵناده‌ن و روویان له‌رۆژێكى گه‌ش و جیاوازه‌.

 

ئەلبوومی وێنەکان



logo

Copyright ©2019 Basnews.com. All rights reserved