غەدر بەسەر دەچێ و كۆن دەبێ بەڵام لە قووڵاییدا ڕەگ دادەكوتێ

چیرۆكی پێغەمبەران، یان چیرۆكە نەمرەكان - 39

ئایا شوێنی ڕاستەقینەی خودا ئاسمانە؟
ئەی خودا لە هەموو شوێنێ نییە!
بۆچی كە دەمەناوێ ڕوو لە خودا بكەین، سەر بۆ ئاسمان بەرز دەكەینەوە؟

لە پرسەوە بۆ ژنهێنان
بەرنامەی ئایندەی یاقووب ژنهێنانە، عیسۆ بەرنامەی نییە، بەرنامەی ئەو چاوەڕێكردنە. ڕڤقە لەبەر ئەوەی سەنتەرە، هەموو ڕووداوەكان ئاڕاستە دەكات. دەیەوێ كوڕە دانستەكەی لە كێشە دوور خاتەوە، ماوەی دوورخستنەوەكەشی، كە بۆ ماڵی خاڵیەتی، بە ژنهێنان بەسەر بەرێ.
ڕازیبوونی ئیسحاق بەو بەرنامەیە، وەك یەكەم نیشانەی ڕازیبوونیەتی بە یاقووب وەك جێگرەوەی خۆی، هەر چەند نیشانەگەلی دیكەش هەن:
- یەكەمیان بەرەكەتداركردنیەتی.
- دووەمیان، وێردەكانیەتی، كە بەسەر عیسۆیدا خوێند و وەك بەردەست و خزمەتكاری براكەی ناساندی.
- سێیەم، بەشداریكردنی لە ناردنی بۆ ماڵی خاڵی و دوورخستنەوەی لە عیسۆ، دانانی بەرنامەی ژنهێنانەكەی بەتەواوی دەیخاتە خزمەتی یاقووب و ڕڤقە، كە هەموو بەرنامەكەیان جۆرێكە لە پیلان و فێڵ.
{ئیسحاق یاقووبی بانگ كرد و داوای بەرەكەتی بۆ كرد، فەرمانی پێ دا و پێی گوت:
- لەگەڵ كچی كەنعانییەكان هاوسەرگیری مەكە، هەستە بڕۆ بۆ پەدان ئارام، بۆ ماڵی بتوئێلی باوكی دایكت، لەوێ لە كچەكانی لابانی برای دایكت ژنێك بۆ خۆت بخوازە. با خودای هەرە بەتوانا بەرەكەتدار و بەردار و زۆرت بكات، هەتا ببیتە كۆمەڵێك گەل، بەرەكەتی ئیبراهیمت دەداتێ، بۆ خۆت و نەوەكەت لەگەڵتدا، لەو زەوییەی ئێستا ئاوارەیت دەبیتە میراتگری ئەوەی خودا دایە ئیبراهیم. پەیدابوون، ٢٨}.
پلە و مەقامی یاقووب، نەك نزم نەبووەتەوە، بەڵكوو بۆ یەكەم جارە پلەی پێغەمبەرێك بەو ئاستە بەرز دەبێتەوە و دەچێتە هاوشانی ئیبراهیم، كە بە باوكی پێغەمبەران ناو دەبرێت.

پەدان ئارام و كەنعانییەكان
(ئارام پەدان، ئارام فەدان، یان ”Paddan Aram“ یەكەم وڵاتی ئارامییەكانە لە وڵاتی ڕافیدەین، وشەی ئارام پەدان بە ئارامی بە مانای دەشتی ئارام، وشەكە دوو جار لە كتێبی كۆن، یان پەیدابووندا هاتووە. هاران یان ”حران“ (بە مانای ناوی ڕێگایە) كە شوێنێكی گرنگە، كە ڕێگای بازرگانیی سەرەكیی پێدا دەڕوات، شارستانیی ئارامی تێیدا گەشەیەكی زۆری كرد، سەرچاوە عیبڕانییەكان دەڵێن، یەكەم بابە گەورەی یەهودییەكانن، كە پێش ئەوەی بچنە فەلەستین، لەو شوێنە بوون. بە جۆرێك كە ئیسحاقی كوڕی ئیبراهیم ژنێكی هارانی هێنا، كە ڕڤقە بوو، هەروەها یاقووبیش. وا زەن دەبرێ، كە باپیرانی عیبرانییەكان بە ئارامی قسەیان كردبێ، ئەوەش پێش ئەوەی لە فەلەستین نیشتەجێ بن، لەوێ زاراوەی كەنعانییان وەرگرتووە. ئینسایكلۆپیدای ئینگلیزی).

(كەنعانییەكان Canaanite)
كەنعانییەكان ئەو خەڵكانەن، كە لە خاكی كەنعانەكان ژیاون، بەپێی سەرچاوە كۆنەكان، كەنعان ناوچەكانی بەشێك لە ئیسرائیلی ئێستا، فەلەستین و لوبنان و سووریا و ئوردن دەگرێتەوە. كەنعانییەكان وەك گەلانی دیكەی ئەو كاتە باوەڕیان بە فرەخودایی هەبووە، كە ئێستا پێی دەڵێن هاوبەش بۆ خودا پەیداكردن. خێزانەكان عادەتێكیان هەبووە، ئەویش پیرۆزكردن و نەمركردنی مردووەكانیان بوو. سەرەڕای ئەوەش باوەڕیان بە خوای بەعل و عەشتار هەبوو).
نەتەوەی نەفرەتلێكراوی ئیسحاق كەنعانییەكانن، بۆیە دەیەوێ كوڕەكەی ژن لەوان نەخوازێ.
ئەوە جگە لەوەی ئەو دوو گەلە یان هۆزە، لە دابەشكردنی ئایینەكان بەشدارن، كە دواتر ڕوونتر دەردەكەوێت.

پێشكەوتنی درامیی چیرۆكەكە
هەنگاوەكانی پێشكەوتنی چیرۆكەكە زۆر خێران، كات فریا ناكەوێ. یاقووب بەركەتداركراو و عیسۆ دوور خرایەوە و كرایە خزمەتكار، بۆ ڕێگاگرتن لە تۆڵەكردنەوەی عیسۆ هەمووان كۆكن، چۆن لە خیانەتدا هەمووان كۆك بوون. یاقووب سەفەر بكات و لەو سەفەرەشدا ژن بخوازێ.
- خودا هەموو ئەو شتانەی بەڵێنی دابوو بیداتە ئیبراهیم، دەیداتە یاقووب. هاوكێشەكە وا دەكەوێتەوە، یاقووب، كە بە فێڵێك پیرۆز كراوە، هەموو ئەو شتانەش وەردەگرێ، كە ئیبراهیم بەڵێنی پێ درابوو، بەڵام دەستی نەكەوت.

عیسۆ چی دەكات؟
{عیسۆش دیتی ئیسحاق داوای بەرەكەتی بۆ یاقووب كرد و ناردییە پەدان ئارام، هەتا لەوێ ژنێك بهێنێت، كاتێك داوای بەرەكەتی بۆ كرد و فەرمانی پێ دا، پێی گوت: ”لە ژنانی كەنعان ژن نەخوازێت“
یاقووبیش گوێڕایەڵیی دایك و باوكی كردبوو، چوو بۆ پەدان ئارام. عیسۆ بینی، كە لەبەر چاوی باوكی كچانی كەنعانییان بەدكردەوەن. ئینجا چوو بۆ لای ئیسماعیل و ماحەلەتی خوشكی نەبایۆتی كچی ئیسماعیلی كوڕی ئیبراهیمی خواست، بەسەر ژنەكەی دیكەیدا. پەیدابوون، ٢٨}،

برایەكان بۆیە لەدایك دەبن
تا شەڕی یەكتر بكەن
بناغەی شەڕی براكان بەرژەوەندی و جیاكاریی باوان دایدەنێن. واتا براكانیش وەك هەر كەسێكی دیكە، بەرژەوەندی ویستی تایبەت بە خۆیان هەیە، هەریەكەیان حەز دەكات، دایك یان باوك یان هەردووكیان بۆ گەیشتن بە بەرەژوەندییەكەیان بەكار بێنێ. كەمترین بەشداری و لایەنگریی باوان بەرژەوەندییەكە ڕاستەخۆ دەگۆڕێت بۆ ڕقێكی لەبن نەهاتوو.
ئیسحاق داوا دەكات، كە یاقووب ”لە كەنعانەكان ژن نەخوازێت“.
وەك عیسۆ بینی، كە ژنانی كەنعان لەبەر چاوی باوكی بەدڕەوشتن.

سەرهەڵدانەوەی شەڕی ئیسماعیل
غەدر بەسەر دەچێ، غەدر كۆن دەبێت و تۆزی لەسەر دەنیشێ، بەڵام لە قووڵاییدا ڕەگ دادەكوتێ، ڕەگێك، كە هیچ هێزێك ناتوانێ وشكی بكات، ڕەگی غەدر، كە بە (دەردی غەدر)یش ناو دەبرێ، بۆیە غەدری ئیسماعیل بە بارێكی قورسترەوە دەكەوێتە سەر شانی عیسۆ، لەوێشەوە بۆ تەواوی ئەو برایانە دەگوازرێتەوە، كە بەر ئەو غەدرە دەكەون. هەر لەبەر ئەوەشە، عیسۆ، كە بۆنی ئەو دەردەی كردەوە، دەزانێ ئیسحاق هەمان خەنجەری لە ئیسماعیل داوە، لەبەر ئیسحاق، ئیسماعیل لە ماڵ دەركراوە، بێكەس و هەتیو گەورە بووە، بۆ فراوانكرنی بەرەی ڕکەبەرایەتیی یاقووب و ئیسحاق، عیسۆ ماحەلەتی كچی ئیسماعیلی خواست.

خەون و گەشت
گەشتەكەی یاقووب بۆ پەدان ئارام دەست پێدەكات، تەورات وردەكاریی ئەو گەشتە بەوردی دەگێڕێتەوە، هەتا خەونی یاقووبیش، چاوی تەورات لەسەر یاقووبە، كەسی هەڵبژێردراوی خودایە و ئیسحاق پیرۆزی كردووە، منیش بە وردی لەگەڵ گێڕانەوەی تەوراتدا دەڕۆم، هەر چەند هەندێ جار وەك ئەوەی دەمەوێ چیرۆكەكان نانووسمەوە، بەتایبەتی لە چیرۆكی یاقووبدا، بەڵام كۆكردنەوەی هەموو ڕووداوەكان چوارچێوەی چیرۆكەكە تەواو دەكات.

خەونەكەی یاقووب لە بێت ئێل
{یاقووب بیری شەباعی بەجێ هێشت و بەرەو حەڕان ڕۆیشت. ئیتر ڕێی كەوتە شوێنێك و لەوێ مایەوە، چونكە خۆر ئاوا بووبوو. بەردێكیشی لە بەردەكانی ئەو شوێنە هێنا و خستییە ژێر سەری، لەو شوێنەدا ڕاكشا. خەونێكی بینی، لەم خەونەدا پلیكانەیەك لەسەر زەوی ڕاگیراوە و سەریشی گەیشتبووە ئاسمان. بینی فریشتەكانی خوداشی پێدا سەردەكەون و دێنەوە خوارەوە. وا یەزدان وەستاوە و دەفەرمووێت:
- من یەزدانم، خودای ئیبراهیمی باوكت و خودای ئیسحاق. ئەو زەوییەی لەسەری ڕاكشاوی دەیدەمە خۆت و نەوەكەت، نەوەكەت وەك خۆڵی زەوی زۆر دەبێت، بەرەو ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و باكوور و باشوور بڵاو دەبنەوە. هەموو هۆزەكانی زەوییش لە ڕێگای تۆ و نەوەی تۆوە بەرەكەتدا دەبن. من لەگەڵتدام و بۆ هەر لایەك بچی دەتپارێزم، دەشتگەڕێنمەوە بۆ ئەم خاكە، چونكە وازت لێ ناهێنم هەتا ئەوە ئەنجام نەدەم، كە پێم فەرموویت. پەیدابوون، ٢٨}.
{هەموو هۆزەكانی زەوی} بە ڕای من وەرگێڕە كوردەكە مەودای ئەو ڕستەیەی تۆزێك بچووك كردووەتەوە، وەرگێڕە ئینگلیزەكە نووسیویەتی {All peoples on earth} مانا ڕاستەوخۆیەكەی دەبێتە {هەموو خەڵكانی سەر زەوی} یان {هەموو میللەتانی سەر زەوی} بە عەرەبییەكەشی نووسراوە {جميع شعوب الارض} مەبەستەكە (لەبەر خاتری یاقووب خێر و بەرەكەت بەسەر تەواوی خەڵكی سەر زەویدا دەبارێنێ)، كە ئەو مەبەستە بە وشەی جیاواز پەیامبەرەكانی دیكەش دووبارەیان كردووەتەوە و بەو مانایەی، كە خودا لەبەر خاتری ئەوان جیهانی دروست كردووە و خێروخێراتی بەسەر ئینساندا باراندووە. كەواتە خودا جیهانی لەبەر كێ دروست كردووە و لەبەر كێ خێر و خێراتی بەسەر تەواوی ئینسانەكاندا باراندووە؟

خەون و ئایین
یان خەونی پێغەمبەرایەتی
خەون نهێنییەكە، یان سیحر و تەلیسمێكە، كە ئینسانی سەرسام كردووە و زۆر جار لەگەڵ ڕاستی لێی تێكەڵ بووە، پەیامهێنەكان سوودێكی زۆریان لەو جیهانە ئاڵۆزەی خەون وەرگرتووە، تا لای یوسف دەگاتە لوتكە. مەبەستم سوودوەرگرتن لە خەون دەگاتە لوتكە. ئەگەر هەر پێغەمبەرەی موعجیزەیەكی هەبووبێ، ئەوا شیكردنەوە و لێكدانەوەی خەون و خەون دیتن لای یوسف گەیشتووەتە دوا پلەی داهێنانی خۆی. تا دەگاتە ڕادەیەك، كە خەون و ڕاستی تێكەڵ دەكەن، دنیا لە ڕێگای خەونەكانەوە ڕاڤە دەكەن. ژیان بە دەلالەتەكانیەوە دەبەستنەوە.

پیرۆزكردنی شوێن و جوگرافیا
لە هەموو ئایینەكاندا خەون مەرجی خۆی هەیە، لەو خەونەدا بەردێك، كە پێویستە بیخاتە ژێر سەری، كە لە بەردی ئەو (شوێنە بێ)، كەواتە هەر دەبێ لەو شوێنەش ڕاكشێ و بخەوێت. بێت ئێل یەكەم شوێنە لە خەونێكی یاقووبەوە پیرۆز دەكرێت و دەچێتە ناو مێژووی ئایینەكانەوە. بۆ پیرۆزكردنی كەسەكان، شوێن زۆر پێویستە. ئەوەش جۆرێكە لە سەرمایەگوزاریی ئایینی، تا ئەمڕۆ شارە ئایینییەكان بە سەنتەری كۆكردنەوەی سامان دادەنرێن. بۆ ئەوەش خەونێك و پێغەمبەرێك پێویستە. ئەوەش دەست هەموو شارێك ناكەوێت.

خەون و فەنتازیا
(پلیكانەیەك) ”پەیژەیەك، كە بنی لەسەر زەوییە و سەرەكەی لە ئاسمانە“، نە هەر ئەوە
”فریشتەكانی ئاسمان پێی هەڵدەگەڕێن و پێیدا دێنە خوارێ“، پەیژەیەكی موعجیزەیی لەو كاتەدا، كە هیچت نییە پێیدا سەركەویت بۆ ئاسمان، خۆ خەون و خەیاڵت هەیە. هەر دروستكردنی دیمەنەكان بۆ سەرسامكردنی مرۆڤەكانی سەردەمی خۆی، لە گرنگترین داهێنراوەكانی ئەم سەردەمەی ئێمە كاریگەرترە.
پەیژەیەك ببێتە ڕێڕەوی سەركەوتن و هاتنەخوارەوەی كاروانی فریشتەكان.
دایەلۆگ وێنەكە دەجووڵێنێ و تەواوی دەكات.
خودا وەك بزوێنەر و هێزی داینامیكی وێنەكە:
”وا یەزدان وەستاوە و دەفەرمووێت“ یەزدان وێنەكە دەجووڵێنێ، تا ناوی یەزدان نەیەت وێنەكە بێ گیانە، فریشتەكان نابزوون، لەگەڵ دەنگی خودا هەموو شتێك دەكەوێتە جووڵە.
لەبەر ئەوەی خەونە هەتا خوداش پێویستە خۆی بناسێنێ ”من یەزدانم، خودای ئیبراهیمی باوكت و خودای ئیسحاق“. یەزدان دەڵێت: ”ئیبراهیمی باوكت“ ئەوەش تەنیا بۆ ئەوەیە، كە میراتی ئیبراهیم وەك ئیسحاق لە نزاكانیدا گوتی بەر یاقووب بكەوێ. هەر لەبەر ئەوەشە، كە خودا هەمان بەڵێنەكانی بە ئیبراهیمی دابوو، بۆ ئەویشی دووبارە دەكاتەوە، هەتا لە بەكارهێنانی وشەشدا، زۆرت دەكەم، وەك خۆڵی بیابان.
{یاقووب لە خەوەكەی بەئاگا هات، گوتی:
- بێ گومان یەزدان لەم شوێنەیە، منیش نەمزانی.
ترسیش دایگرت و گوتی:
- ئەم شوێنە چەند ترسناكە! ئەمە هیچی دیكە نییە، ماڵی خودا نەبێت، ئەمەش دەروازەی ئاسمانە. پەیدابوون، ٢٨}.
یەزدان لەو شوێنەیە، بەڵام ئەو نەیزانیوە. گرنگیی ئەو ڕستەیە لە چیدایە؟ ئایا خودا لە هەموو شوێنێك نییە؟
ئایا ماڵی خودا ترسناكە؟
دەروازەی ئاسمان! بۆچی خودا گواستراوەتەوە بۆ ئاسمان؟
پەیوەندیی خودا و ئاسمان لە چیدایە؟
بۆچی ئەوانەی نزا دەكەن، یان ڕوو لە خودا دەكەن، سەر بۆ ئاسمان بەرز دەكەنەوە؟
هەموو ئەوانە بەشێكن لە نهێنییە سادە و لە هەمان كاتدا گەورەكان، بەشێكن لە پرسیارە ئەزەلییەكانی بوون، كە ئێوە وەڵامیش نەدەنەوە، من لە وتاری داهاتوودا وەڵام دەدەمەوە.

 

 

logo

Copyright ©2019 Basnews.com. All rights reserved