بەرپرسێکی یەكگرتووی ئیسلامی: مەسرور بارزانی كەسێكی جدییە بۆ چاكسازی

"ئەگەر كورد یەك دەنگ نەبن، ئەگەری هەیە لەپەنای هەمواری دەستوور دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان تێكبدەن"

06/11/2019 - 20:06 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

سەعید عەلی عەبۆ، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان (مەكتەبی سیاسی)، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا، باس لە رەوشی هەرێمی كوردستان و عێراق دەكات. رای دەگەیەنێت، خۆپشاندانەكانی عێراق خۆڕسك نین و لەگەڵ لادانی عادل عەبدولمەهدیشدا نین. ئاشكراشی دەكات، هیچ هاوپەیمانییەكیان لەگەڵ نەوەی نوێ و كۆمەڵی ئیسلامیدا نییە.


سەرەتا باسی لە رەوشی عێراق كرد و گوتی: "ئەگەر بە شێوەیەكی عاقڵانە مامەڵە نەكرێت، دۆخی عێراق بەرەو ئاقارێكی خراپ دەڕوات، چونكە دۆخی عێراق جیاوازە لە وڵاتانی تر، نەتەوە و مەزهەب و ئایین و كەمینەی زۆری تێدایە، ئەگەر دۆخەكە لە كۆنترۆِڵ دەربچێت، بەرەو كارەسات دەڕوات".


ئەو پێی وایە، هەموو ئەو خۆپیشاندانانەی لە عێراق دەكرێت، خۆڕسك نین، بەڵكوو دەستێوەردانیشی تێدایە، گوتیشی: "قەناعەتم نییە خۆپیشاندانەكانی عێراق خۆڕسك بن، راستە خەڵك بێزارە و خزمەتگوزاری و دامەزراندن نییە و گەندەڵی هەیە، بەڵام ئەم خۆپشاندانانە دەستی سیاسییان تێدایە".


روونیشی كردەوە، دەبێ دەرفەتی زیاتر بە عادل عەبدولمەهدی بدرێت كار بكات، گوتیشی: "دەبێ دەرفەت بە عەبدولمەهدی بدرێت و لە سەرۆكایەتیی حكوومەتدا بمێنێتەوە، ئێمە لەگەڵ لادانیدا نین، ئەو كەموكوڕییانەی ئێستا لە عێراق هەن، پەیوەندییان بە حكوومەتەكەی ئەوەوە نییە، بەڵكوو كێشەی كەڵەكەبووی حكوومەتەكانی پێشوون، بە تایبەت حكوومەتەكانی مالیكی و عەبادی، بۆیە دەبێ دەرفەت بە سەرۆك وەزیرانی ئێستا بدرێت و هەموولایەك هاوكاری بین، تا كێشەكان چارەسەر بكرێن، چونکە بەلادانی ئەو تەنگژەكان قووڵتر دەبنەوە".


سەعید عەلی عەبۆ، ئاشكرای دەكات، لە هەمواری دەستووری عێراق، تەڵەیەك دژی هەرێمی كوردستان هەیە: "ئەگەر كورد یەكڕیز و یەك دەنگ نەبن و ئاگادار نەبن، ئەگەری هەیە لەپەنای هەمواری دەستوور، دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان تێكبدەن، ئەو دەسەڵاتانەی بە هەرێم دراون، كەم بكرێنەوە یان نەهێڵدرێن".


دووپاتیشی دەكاتەوە، لەنێو ماڵی شیعە لە عێراق، ململانێیەكی توند هەیە، بە تایبەت لەنێوان مالیكی و عەبادی و سەدر، ئەوان دێن سواری شەپۆڵی ناڕەزاییەكانی شەقام دەبن و بۆ خۆیان دەیقۆزنەوە.


ئەو بەرپرسەی یەكگرتوو روو لە لایەنە سیاسییەكانی كوردسان دەكات و دەڵێت: "دەبێ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان هەوڵەكانی خۆیان یەك بخەن، ئێستا سەركۆمار كوردە، جێگری سەرۆك وەزیران كوردە، فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراقدان، دەبێت بە یەك دەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ هەموو ئەگەرێك پێكەوە هەنگاو بهاوێن و بڕیار بدەن".


عەبۆ، پێی وانییە لە عێراق دۆخێكی بەو جۆرە لەئارادا بێت، کە سیستەمی دیكتاتۆری بێتەوە كایەوە، گوتیشی: "ئەگەر عێراق وەكوو سەردەمی سەدام حوسێن ببێـتەوە بە تاكڕەوی و دیكتاتۆری، ئەوا پارچە پارچە دەبێت، راستە عەقڵیەتەكە لە بەغدا عەقڵیەتێكی مەركەزی و سەدامیی ماوە، بەڵام سیستەمی دیكتاتۆری لە عێراق سەرناگرێت، ئەگەر شتی لەم جۆرە هەبێت، ئەوا لە عێراق شەڕی ناوخۆیی روو دەدات".


ئەو رەخنە لە موقتەدا سەدر دەگرێت، كەوا بەناوی چاكسازی سواری شەپۆڵی ناڕەزایەتیی شەقام دەبێت، گوتیشی: "سەدر لەدوای ساڵی 2003وە بەشدارە لە حكوومەت و بەشێك بووە لە دەسەڵات، بەڵام دێت شەپۆڵی ناڕەزاییەكانی خەڵك بۆ بەرژەوەندیی خۆی دەقۆزێتەوە".


لەبارەی بەشدارنەبوونی ناوچە سوننییەكان و حزبە سوننییەكان لە خۆپشاندانەكانی عێراق، دەڵێت: "سوننەكان هیچ هێزێكی وایان نەماوە شتێك بكەن و زۆربەی ناوچە سوننییەكانیش وێرانن، لە ساڵی 2013 خۆپیشاندانی سوننەكان هەبوو، بەڵام بەناوی ئەوەی تیرۆریست و داعشن كپ كرانەوە، ئێستاش سوننەكان بێنە ناو خۆپیشاندانەوە، خراپتریان بەسەر دێت".


عەبۆ راشی گەیاند: "عێراق داهاتی زۆر زۆرە، لەدوای ساڵی 2003 تاوەكوو ئێستا ئەگەر حزبەكان بیانویستایە، ئەوا عێراق لە رووی خزمەتگوزارییەوە زۆر پێش دەكەوت".


لەبارەی ئامادەكارییەكانی كۆنگرەی یەكگرتووی ئیسلامی، گوتی: "لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرە كاری خۆی دەكات، كاتی بەستنی كۆنگرە دیاری نەكراوە، كارەكان تەواو بن كۆنگرە دەبەسترێت".


سەبارەت بە لابردنی پاشگری ئیسلامی لە حزبەكەیان و خۆكاندیدكردنەوەی ئەمینداری گشتی، ئەو دەڵێت: "دەبێ كۆنگرە ئەو بڕیارە بدات، ئاخۆ پاشگری ئیسلامی دەمێنێتەوە یان لا دەبرێت، مامۆستا سەڵاحەددین مافی هەیە خۆی كاندید بكات، زۆر كەس مافی هەیە خۆی بپاڵێوێت بۆ پۆستی ئەمیندار، بەڵام هەموو ئەوانە دەمێنێتەوە بۆ كاتی كۆنگرە".


سەبارەت بە ئەنجامدانی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان، سەعید عەبۆ گوتی: "دەبێت چاكسازی لە كوردستان بكرێت، دەرفەتی چاكسازییش هەیە، دەبێت حكوومەت چاكسازی بكات و خزمەتگوزارییش بۆ خەڵك دابین بكات، ئەگەر ئیرادە هەبێت چاكسازی ئاسانە، بەو مەرجەی بابەتی حزبایەتیی لێ بهێندرێتە دەرەوە و بەرژەوەندیی میللەت بخرێتە پێش بەرژەوەندیی حزبی، ئەوکات دەتواندرێت هەموو چاكسازییەك بكرێت، خودی سەرۆكی حكوومەت كەسێكی جدییە و دەكرێت رۆڵی هەبێت لە چاكسازی، بەڵام دەبێت ئیرادەیەكی بەهێز هەبێت بۆ ئەوەی چاكسازی ئەنجامی هەبێت".


لەبارەی هاوپەیمانییان لەگەڵ نەوەی نوێ و كۆمەڵی ئیسلامی، گوتی: "هیچ هاوپەیمانییەكمان لەگەڵ نەوەی نوێ و كۆمەڵی ئیسلامیدا نییە، ئەگەر لەسەر هەندێك بابەت نزیكی و هاوهەڵوێستی هەبێت، ئەوە مانای هاوپەیمانی نییە، ئێمە وەكوو یەكگرتووی ئیسلامی خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆمانین".

 


logo

Copyright ©2019 Basnews.com. All rights reserved