پەرلەمانتارێک: بە دەنگی 100 پەرلەمانتار یاسای تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكان پەسەند كرا

"ئەگەر زێدەڕۆییەكە بكەوێتە سەر ڕێگایەكی خزمەتگوزاری، یان شوێنێكی گشتی، تاپۆ ناکرێت"

05/11/2019 - 22:06 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

ڕۆژی چوارشه‌مەی ڕابردوو‌ 30/10/2019، لە خوێندنەوەی سێیەمدا، پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 100 په‌رله‌مانتار، یاسای تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆییەکانی پەسەند كرد. بۆ زیاتر خستنەڕووی زانیارییەكان لەبارەی پڕۆژە یاساكەوە، شوان زراری، ئەندامی لێژنەی شارەوانی و جێگری سەرۆكی لێژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان لە فراکسیۆنی زەردی پارتی، لەم دیمانەیەی (باس)دا تەواوی وردەكاریی پڕۆژە یاسایەكە روون دەكاتەوە.


(باس) لە راگەیاندنەكاندا هەر فراكسیۆنە و بە شێوەیەك باس لە پڕۆژەیاساكە دەكات، لە راستیدا كێ ئەو پڕۆژەیاسایەی پێشكەش كرد و مەبەست چی بوو؟
شوان زراری: كە پێشنیاری پڕۆژەیاساكە پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكرێت، هەر فراكسیۆنە و لە رێگەی ئەندامەكانی خۆیانەوە پێشكەشی دەكەن. ئەگەر تەماشای پێشنیاری ئەو پڕۆژەیاسایە بكەی، واژۆی 23 ئەندام پەرلەمانی لەسەرە، كە هەر 23 ئەندام پەرلەمان سەر بە فراكسیۆنی زەردن، واتا پێشنیازەکە هی فراكسیۆنی پارتییە. مەبەستیشمان ئەوە بوو تووشی واقع حاڵێك بووبووین لە هەرێمی كوردستان، كە زیاتر لە 250 هەزار یەكەی زێدەڕۆ بە هەر چوار پارێزگای ئێستا و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین هەبوون و لەگەڵیان تووشی كێشە بووین. بە جۆرێك، كە لە كۆی 183 شارەوانی لە هەرێمی كوردستان، لە شارەوانیی كۆمەڵگاكانەوە بگرە تا ناحیە و قەزا و پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان، تەنیا 32 شارەوانی ماستەرپلانیان هەیە. ئەوانی تر تا ئێستا بێ ماستەر پلانن، ئەوەش بووەتە هۆكارێك بۆ ئەوەی نەتوانین، بۆ نموونە پلانی درێژخایەن بۆ شارەوانییەكان دیاری بكەین، تەنیا دەتوانین سنووری شارەوانی دیاری بكەین، بەڵام ئەگەر ماستەرپلان و نەخشەی درێژخایەنی ئەو شارەوانییە هەبوو، ئەوا دەتوانین پلانی ئەو شارەوانییە لە رووی خزمەتگوزاری و پێشخستنەوە بۆ ماوەی 2 ساڵ یان 10 ساڵ دابڕێژین. بۆ نموونە، ماستەپلانی هەولێر بۆ ماوەی 20 ساڵ داندراوە، لەو حاڵەتەدا كێشە نابێت چونكە بەپێی ماستەرپلانەكە دەزانین كوێ دەبێتە سەوزایی و كوێ شوێنی گشتییە و كوێ شوێنی نیشتەجێبوونە. كەچی شارەوانییەكانی تر نیانە. زێدەڕۆییەكانیش بوونەتە واقیع حاڵ، ئەو بڕە پارەیەی لەبەرامبەر بەناوكردنی خانووەكانیان لە هاووڵاتیی زێدەڕۆكار وەردەگیرێت، 30%ی پارەكەمان خستووەتە خزمەت وەزارەتی شارەوانی، بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتگوزاریی سەرەتایی یان بنەڕەتی بەپێی پێویست لە هەمان ئەو شوێنانە خەرج بكات و 70%ی دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكوومەت، لەو كاتەشدا بڕی 1 ترلیۆن و 800 ملیار دینار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت.


(باس) باس لەوە دەكرێت، كە ژمارەیەكی زۆری خەڵك لەمە سوودمەند دەبن، ئایا ئامارێكی دروست لەمبارەیەوە لەبەردەستە؟
شوان زراری: بەپێی ئەو داتایەی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی شارەوانی وەرمانگرتووە، زیاتر لە 250 هەزار یەكەی زێدەڕۆ لە هەرێمی كوردستان هەیە، هەموویان دەتوانن سوودمەند بن. لەو ژمارەیەشدا پێشبینیی دەكەم 80%ی خانوو بێت، چونكە بەشێك لەو گەڕەكانەی بە زێدەڕۆ دروستكراون، بەشێك لە زەوییەكان ماونەتەوە و كڕین و فرۆشتنیان پێوە كراوە.


(باس) بەپێی ناوەڕۆكی یاساك پەسەندكراوەکە، دوای واژۆكردنی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و دواتر بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان، چەند كات پێویستە بۆ جێبەجێكردنی یاساكە؟
شوان زراری: ماوەی 120 ڕۆژمان داناوە، لە ڕۆژی واژۆكردن و بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستاندا، كاركردن بەو یاسایە دەست پێدەكات. لەو ماوەیەشدا دەبێ وەزارەتی شارەوانی لێژنە سەرەكی و لاوەكییەكانی خۆیان دروست بكات، لەسەر ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیەكان، بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان و بە نوێنەرایەتیی شارەوانییەكان، لە هەمان كاتدا نوێنەری وەزارەتی داد و نوێنەری وەزارەتی دارایی و لە هەندێك شوێنیش پێویست دەكات نوێنەری وەزارەتی كشتوكاڵیشی لەگەڵدا بێت. ئامارێك لە سنوورەكەی خۆیان دروست دەکەن، بۆ ئەوەی بزاندرێت چەند زێدەڕۆكار هەیە. لە هەمان كاتدا كەسی زێدەڕۆكاریش لە ماوەی ئەو 120 ڕۆژەدا، داواكاری و نەخشەی ئەو خانووەی كە دروستی كردووە، پێشكەش دەكات، دوای تەواوبوونی ئەو قۆناغەش، وەزارەتی شارەوانی ئەو زەوییانە دەکوژێنێتەوە و ئیفرازیان دەکات، بەپێی واقع حاڵەكە. ئەو رووبەرەی كە دیاری كراوە بەناو بكرێت، بۆ ناحیەكان تا 500 مەتر و بۆ قەزاكان تا 400 مەتر و بۆ پارێزگاكان 300 مەتر مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت. بڕی پارەكەش بەو شێوەیە دەبێت، بۆ پارێزگاكان بڕی 15000 بۆ 30000 دینار بۆ یەك مەتر دووجا داندراوە، ئەوە لە دەسەڵاتی لێژنەكانە، چونكە لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر جیاوازیی نرخ هەیە. ئەگەر شوێنەكە كەمترین نرخ بوو، ئەوە 15000 دینار وەردەگرن، ئەگەر شوێنەكە شوێنێكی بەهادار و نرخی بەرز بوو تا 30000 دیناری لێ وەردەگیرێت. بۆ قەزاكانیش لە 10000 دینارەوە بۆ 15000 دینار دیاری كراوە. بۆ ناحیەكان و ئەو كۆمەڵگایانەی شارەوانییان هەیە، لە 5000 دینار بۆ 8000 دینار وەردەگیرێت. ئەگەر بێتوو زیاتر لەو بڕە هەبێت، ئەوا قەبلاندنی بۆ دەكرێت و بە نرخی ڕۆژ دەبێت پارەكەی بدات.


(باس) بەپێی یاساكە ئەو بڕیارە شموولی ئەو كەسانە دەكات، كە بەر لە 13-3-2018 خانووەكانیان دروست كردووە، ئەوانەی دوای ئەو رۆژە دروست كراون، چارەنووسیان چ دەبێت؟
شوان زراری: دوای ئەوەی بڕیاری ڕاگرتنی زێدەڕۆیی لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان دەرچوو، هەر یەكەیەك لەدوای ئەو رێکەوتە دروست كرابێت، ئەوا دەچێتە بابی گەندەڵییەوە. ئەگەر ئەو حاڵەتە هەشبێت زۆر دەگمەنە. بەر لە 2018 زێدەڕۆیی زۆر بەئاسانی دەكرا، بەڵام دوای دەرچوونی ئەو یاسایە، زۆر كەم بووەتەوە.


(باس) ماوەی كاركردن بە یاساكە چەندە؟ ئایا بەپێی بۆچوونی ئێوە حكوومەت دەتوانێت لەو ماوەیەدا كۆتایی بەو گرفتە بێنێت؟ هیچ ئالیەتێك دانراوە بۆ ئەوەی دواتر كەسانێك یاساكە بۆ دروستكردنی خانوو بە تەجاوز و شەرعیەت پێدانیشی نەقۆزنەوە؟
شوان زراری: دوای ئەوەی لە ماوەی چوار مانگدا ئامار و داواكاریی خەڵك تەواو دەبێت، دەبێ لە ماوەی دوو ساڵ و هەشت مانگدا ئەو پڕۆژەیە تەواو بێت، چونكە ماوەی پڕۆژەیاساكە 3 ساڵە. لەدوای ئەو 3 ساڵە، یاساكە كاری پێناكرێت، دوای ئەوە دەگەڕێینەوە بۆ یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2018، کە رێگری لە زێدەڕۆیی دەكات. ئەگەر هاتوو هاووڵاتییەك لەو ماوەیەی دیاریكراوە داواكاریی پێشكەش نەكرد و نەیویست خانووەكەی بەناو بكرێت و ئەو بڕە پارەیەی بۆی دیاری كراوە نەیدات، لەدوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی، ئەو زەوییە یاخود خانووەكەی بە موڵكی شارەوانی هەژمار دەكرێت و بە ناوی شارەوانی تۆمار دەكرێت و حكوومەت دەتوانێت ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵ بكات.

 

(باس) لە یەكێك لە خاڵەكانی پڕۆژە یاسایەكەدا باس لەوە دەكات، كە ئەو زێدەڕۆییانە نەبێتە هۆی گۆڕینی دیمۆگرافیی ناوچەی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی كوردستان، حاڵەتی لەو شێوەیە لە كوردستان هەیە؟
شوان زراری: لە كوردستان پێكهاتەی ئایینی و نەتەوەییمان هەیە، وەك توركمان و ئێزدی و مەسیحی و ئەو بابەتە زیاتر شموولی مەسیحییەكان دەكات، چونكە توركمانەكان لە سەنتەری شارەكاندان. ئێزیدییەكانیش جوگرافیای تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام برا مەسیحییەكان جاری وا هەیە لەناو ناحیەكان دێهاتیان هەیە، یان لەناو قەزاكان گەڕەكی سەربەخۆیان هەیە، لەو حاڵەتەدا ئەگەر هاتوو كەسێك زێدەڕۆیی كردبێتە سەر موڵكی پێكهاتەكان، بێ ئەوەی پێكهاتەكان ڕەزامەند بن، ئەوا كەسی زێدەڕۆ ناتوانێت موڵكەكەی بەناوی خۆی بكات.


(باس) یەكێك لە بڕگەكان باس لەوە دەكات، كە ئەو ناوچانەی حوكمی ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە، نەخشە و دیزاینیان نییە، داوا كراوە وەزارەتی شارەوانی لە ماوەی ساڵێكدا نەخشە و دیزاین و پێداویستیی تەكنیكی ئامادە بكات، ئەوەیان چۆن چۆنی دەكرێت؟
شوان زراری: بڕگەیەكی ترمان هەیە، كە دەڵێت كەسی زێدەڕۆكار یان خانووی دروستكراو، دەبێ بەپێی نەخشەی بنەڕەتیی شارەوانییەكە بێ، ئەگەر زێدەڕۆییەكەی بكەوێتە سەر ڕێگایەكی خزمەتگوزاری، یان شوێنێكی گشتی، ئەوا بەناوكردنەكەی بۆ ناكرێت و حكوومەت موڵكەكەی لێ وەردەگرێتەوە و دەبێ كەسی زێدەڕۆكار لەسەر ئەرکی خۆی خانووەكەی بڕووخێنێت، دوای ئەوەی ئەو شارەوانییە ماستەر پلانی خۆی دادەنێت، بەقەدەر زەوییەكەی خۆی زەویی بۆ دابین دەكات.


(باس) لە یەكێك لە بڕگەكان باس لەوە دەكات، ئەو كەسەی زێدەڕۆییەكەی كردووە، نابێت هیچ موڵكێكی بەناو بێت، ئەگەر هەبوو بۆ ئەو حاڵە چی دەكرێت؟
شوان زراری: خۆی زێدەڕۆكار ئەو كەسەیە، كە هیچ شوێنی حەوانەوەی نەبووە، بۆیە ئەگەر بێت و كەسی زێدەڕۆكار لە هەر شارەوانییەكی كوردستان موڵكی بەناوەوە بێت، ئەوا بە زێدەڕۆكار هەژمار ناكرێت و دەبێت لەو حاڵەتەش بە نرخی ڕۆژ ئەو موڵكە بكڕێتەوە.


(باس) بڕگەیەك باس لە قەرەبووكردنەوە دەكات، كێن ئەوانەی قەرەبووكردنەوە دەیانگرێتەوە؟
شوان زراری: قەرەبوو ناكرێنەوە، بەڵكوو لێیان خۆش دەبن. ئەوانیش خانەوادەی وارسی شەرعیی شەهیدان و خانەوادەی وارسی شەرعیی ئەنفالكراوان و كەمئەندامانی سەنگەرن، لە هەموو حوكمێكی دارایی لێیان خۆش دەبن، ئەو جۆرە كەسانە ئەگەر بێتوو لە حكوومەتیش سوودمەند بووبن، ئەوا هەر لێیان خۆش دەبن.


(باس) بۆچوونێك هەیە، كە ئەم یاسایە زۆرتر خزمەت بە كەسانی دەوڵەمەند و سەرمایەدار و خاوەن توانا دەكات، بەوەی بۆ مەزرەعە و ڤێلاکانیان لە چواردەوری شار بە پارەیەكی رەمزی زەوییەكانیان كڕیوە، بۆیە دەبێتە موڵكێكی فەرمی، ئایا ئەمە ڕاستە؟
شوان زراری: ئەو یاسایە باخەكان ناگرێتەوە، دیاریكردنی رووبەری زەوییەكان وەك پێشتر باسمان كرد، بەڵام كێشەی باخەكانیش هەیە، بەنیازین لە داهاتوودا پڕۆژەیاسایەكی بۆ دەربكەین. پێم وابوو دەبێ دوو پێشنیار هەبێت لەو یاسایە كە دەری دەكەین، یان بە نرخی ڕۆژ ئەو شوێنە چەند پارەی دەكات، كەسەكە بێت لە حكوومەتی بكڕێتەوە و پارەكەی بدات و بەناوی بكرێت، ئەگەر كابرا بە دۆنم زەویی زەوت كردووە و ڤێلای لەسەر دروست كردووە و رووبەرەكەی زۆرە، لەو كاتەدا لەوانەیە نەتوانێت زەوییەكە بكڕێتەوە، دیسان ئەوەشیان واقع حاڵە و دەبێ حكوومەت گرێبەستێكی 10 بۆ 20 ساڵیی لەگەڵدا بكات و كرێی لێ وەربگرێت، بۆ ئەوەی ئەوەشیان لە رووی یاساییەوە بۆ ئەمڕۆش نەبێت، دەبێ هەر چارەسەری بكەین، ئەگەر بێتوو ئەو كەسە ببێتە كرێنشینی حكوومەت، لەو حاڵەتەدا حكوومەت دەتوانێت كارەبا و ئاوی پێ بدات و پارەكەشی لێ وەرگرێت.


(باس) ئەگەر كەسەكە مووچەخۆر بێت، دەتوانێت ئەو بڕە پارەیە لەبەرامبەر بەخاوەنداریكردن لە مووچە پاشەكەوتكراوەكانی بگێڕدرێتەوە؟
شوان زراری: نەخێر شتی وا لە یاسایەكەدا نییە، ئەوە لە خوێندنەوەی دووەم لەلایەن ئەندام پەرلەمانێك پێشنیاری بۆ كراوە، بەڵام لە خوێندنەوەی سێیەم، بە زۆرینەی دەنگ پێشنیارەكە قبووڵ نەكرا. لە كاتی خوێندنەوەی دووەم بۆ هەر پڕۆژەیاسایەك، هەر ئەندام پەرلەمانێك بۆی هەیە پێشنیارێكی تایبەت بە خۆی بكات، ئەگەر هاتوو دوو لە ئەندامانی پەرلەمانەكان پاڵپشتیی پێشنیارەكەیان كرد، ئەوا لیژنەی یاسایی، كە ڕاپۆرتی كۆتایی دادەڕێژێت، لەسەریەتی پێشنیارەكەی ئەو ئەندام پەرلەمانە جێگیر بكات، بەڵام لە خوێندنەوەی سێیەمدا دەخرێتە دەنگدانەوە، ئاخۆ ئەو پێشنیارە دەنگ دێنێت یان نا. پێشنیارێكی لەو بابەتە هەبوو، بەڵام دەنگی نەهێنا.


(باس) ئەگەر بەرسانی یەكە ئیدارییەكان لە جێبەجێكردنی ئەو یاسایە كەمتەرخەم بوون، چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت؟
شوان زراری: بەپێی بەندەكانی یاسای زێدەڕۆیی مامەڵە لەگەڵ سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان دەكرێت.


(باس) ئەو خانووانەی كە حكوومەت بە فەرمانبەرانی داوە، بەڵام تاپۆیان نییە، بۆ ئەمانە چی دەكرێت؟
شوان زراری: وەكوو هەر پڕۆژەیەك، كە حكوومەت دروستی كردووە، لەسەر موڵكی خۆی دروستی دەكات، كەواتە پڕۆژەكە یان بە ناوی وەزارەتی داراییە، یان بە ناوی وەزارەتی شارەوانییە. ئەوەش زۆر ئاسانە و تەنیا ڕۆتینە، لەوانەیە پشتگوێ خرابن، یاخود كاری لەسەر نەكرابێت، بە مەرجێك لەناو سنووری ماستەرپلانی شارەكەدا بێت، لەوانەیە لە ماوەی یەك مانگدا ڕۆتینیاتەكەی تەواو بێت و بەناوی خەڵكەكەوە بكرێت. ئەوەی كە زۆر بە دڵی ئێمە بوو، خانەوادەی سەربەرزی شەهیدەكان و ئەنفالكراوان و كەمئەندامانی سەنگەر لە حوكمە داراییەكانی ناو یاسایەكە لێخۆشبوونیان بۆ كرا. پێم وایە بەگشتی پڕۆژەكە لە قۆناغی ئێستای زۆر بێسەروبەر و بێ بەرنامەوە دەمانگوازێتەوە بۆ قۆناغێك، كە بتوانین بە بەرنامە پێشەخۆمان لێ دیار بێت، لە ئاستی ناحیەكان تا ئاستی پارێزگاكان، وەزارەتی شارەوانی و حكوومەت دەتوانن لەدوای جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژە یاسایەوە بەرچاوڕوونییەكی چەندین ساڵەیان هەبێت.

 


logo

Copyright ©2019 Basnews.com. All rights reserved