مەولوود باوەموراد: تورکیا بۆ دژایەتیی گەلی کورد هێرشی کردووە نەک بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام

"هەندێک گرووپ دەیانەوێت لەژێر ناوی خواستی خۆپیشاندان تەنگژە بۆ دەستوور سیستەمی و فیدڕاڵی دروست بکەن"

03/11/2019 - 16:20 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

مەولوود باوەموراد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە گفتوگۆیەکی تایبەتی (باس)دا تیشک دەخاتە سەر پەرەسەندنەکانی عێراق و هێرشەکانی تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان. رای دەگەیەنێت چارەنووسی ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان بە ناڕۆشنی لەبەردەم کۆمەڵێک ئەگەردایە.


هەروەها ئاشکرای دەکات، هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی شۆڤینیەکان و هەندێک لە شیعەکان، لەژێر ناوی خواستی خۆپیشاندان دەستکاریی دەستوور، بە تایبەت فێدراڵیەت بکەن.


سەرەتا ئاماژەی بەوە دا، هێرشەکانی تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان بۆ دژایەتیی کوردە، گوتی: "ئەم پەلاماره سەربازییه و دروستکردنی ناوچەی ئارام تەنیا بۆ دژایەتیی گەلی کورد و پەلاماردانیەتی لەسەر ماڵ و خاکی خۆی، ئاماژەیەکی روونی پاساو هەڵنەگری دژایەتیی هەبوونی نەژادی کوردە، وەک گەلێکی جیاواز و خاوەن خەسڵەتی نەتەوەیی و زمان و مێژوو وسەرزەمینی خۆی، چونکه ئەگەر پەلاماری هێزەکانی پەکەکە لە ناوچەکانی کوردستانی باکوور لە دیدی حکوومەتی تورکیاوه پاساوی مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و پاراستنی ئاسایش و ئۆقرەیی هاووڵاتییان و سەروەریی وڵاتی تورکیا بیت، ئەوا بۆ کوردستانی رۆژئاوا چ پاساوێکی نییە، جگە لە دژبوون بە گەلی کورد".


ئەو پێی وایە، ئەم پەلاماره سەربازییەی پێچەوانەی دانپێدانانە حەماسییەکانی خودی سەرۆکی تورکیایه له ساڵانی رابردوودا، لەسەر کێشە و ئازارەکانی گەلی کورد، کە لەبەردەم پەرلەمانی تورکیا دەری دەبڕین، گوتیشی: "ئێمە لە یەکگرتووی ئیسلامی دژی ئەو پەلامارەی تورکیاین، 25 ساڵە لەنێو تەیاری ئیسلامیم، بۆیە بەرەی حەق و گەلی خۆم لەپێشتر دەزانم لە هەر جۆرە ئینتیمایەکی تری سیاسی و فکری".


روونیشی کردەوە، مانەوەی ئەژموونی رۆژئاوای کوردستان ئێستا بەستراوەتەوە بە کۆمەڵێک سیناریۆ، گوتی: "ئایا ئەو هێرشەی تورکیا سنووردارە و بەستراوەتەوە بە هەبوونی ناوچەیەکی ئارام و دەست بۆ شوێنەکانی تر نەبات و پەلامار نادات؟ ئایا سووریا بەو بیانووەی کە هێزی هێناوە سەروەریی سووریا بپارێزێت، ئەزموونی رۆژئاوا لەناو نابات؟ یان ئەمەریکا چەند ئامادەیە ئەگەر سەرپێچیی لە رێککەوتن بکرێت، هۆشداریی بە تورکیا نادات؟ ئەو ئەگەرانەی دەبنە هۆی ئەوەی چارەنووسی ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوا روون ببنەوە، تاوەکوو ئێستا چارەنوسەکە رۆشن نییە".


باوەموراد، جەخت دەکاتەوە، خۆڕاگریی هێزە کوردییەکان لە رۆژئاوا و هێزی سووریای دیموکرات تاوەکوو پارێزگاری لە خۆیان بکەن و ببنە ئەمری واقیع بۆ نووسینەوەی دەستووری سووریا، بۆ رێکخستنەوەی سووریایەکی دیموکرات گرنگن، گوتی: "تورکیا نایەوێت کیانێکی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان هەبێت، چونکە ئەو کاتە فشار لەسەر تورکیاش دروست دەبێت، بۆ ئەوەی کیانێکی کوردی لە باکووریش بێتە کایەوە".


سەبارەت بە بێهەڵوێستیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، لە هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان، گوتی: "دونیا لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کوردانی رۆژئاوا هەڵوێستی نەبوو، ئەوەشی هەڵوێستێکی هەبووە، بەگوێرەی بەرژەوەندیی خۆی بووە، رەنگە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد یەکی نەگرتبێتەوە، نابێت لە دۆخی شەڕ و دۆخە ناهەموارەکان چاومان لە مافی مرۆڤ و دیموکراتیەت بێت، ئەوان باس لە دۆخی ئاسایی دەکەن و لە کاتی شەڕ شتێکی ترن".


سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی عێراق و کاریگەریی بۆ سەر هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەو خۆپیشاندانانەی عێراق ئەگەر لەسەر ئەو داواکارییانەی هەیانە لە ئاو و کارەبا و نان و کار و مووچە و گەندەڵی بمێنێتەوە شتێکی ترە، بەڵام ئێستا گۆڕاوە بۆ خواستی توندتر، بوونەتە خواستی سیاسی و دژایەتی لەگەڵ فیدڕاڵیەت و ئەنجومەنی پارێزگاکان و نەمانی سیستەمی پەرلەمانی".


ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو ئەو ترسە ناشارێتەوە، کەوا لەژێر بیانووی خواستی شەقام دەستوور هەموار بکرێتەوە و دەستکاریی فیدڕاڵیەتی کوردستان بکرێت، دەشڵێت: "لە ماددە 117 بڕگە دوو و ماددەکانی 121 و 122ی دەستووری عێراق هاتووە، کە ئەوە زەمانی ئەو هەرێمی کوردستانەی کردووە، هەندێک گرووپ دەیانەوێت لەژێر ناوی خواستی خۆپیشاندان تەنگژە بۆ پرسی دەستوور و فیدڕاڵی دروست بکەن".


باوەموراد جەختیش دەکاتەوە، ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە، کە ئایا ئەمەریکا لەگەڵ ئەزموونی مەرکەزیەت دەبێت، یان لەگەڵ ئەزموونی فیدڕاڵیەت دەبێت: "گومانم لەوە نییە ئەمەریکا خوێنێکی زۆری لە عێراق رشتووە و پارەیەکی زۆری خەرج کردووە، کەوا بەوەفا دەبێت لەگەڵ بەڵێنەکانی خۆی، ئەویش لەبەر بەرژەوەندییەکانی، چونکە ناتوانێت گۆڕەپانی عێراق چۆڵ بکات بۆ ئێران، وەکوو ئەوەی لە سووریا چۆڵی کردووە بۆ رووسیا".


ئەندامەکەی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی داوای یەکڕیزیی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ خۆئامادەکردن بە هەموو ئەگەرێک، گوتی: "دەبێت هەموومان یەکدەنگ بین بۆ ئەوەی نێو ماڵی کورد لە هەرێمی کوردستان بپارێزرێت، ئەگەر فیدڕاڵیەت بکەوێتە مەترسی، دەبێت بەرگری لە فیدڕاڵی بکەین، چونکە بەشێک لە شۆڤینی و شیعەکانی عێراق دەیانەوێت عێراقێکی مەرکەزی هەبێت".


مەولوود باوەموراد باوەڕی وایە: "عێراق لە دۆخێکی ناهەمواردایە، لە دۆخێکی کراونەوەدایە بەسەر جۆرەها ئەگەر و رووداو و پێشهاتی چاوەڕوانکراو و چاوەڕوان نەکراودا".


لەبارەی ئەو دەنگەی باس لەوە دەکات، کورد لەبری هاوپەیمانیەتیی لەگەڵ ئەمەریکا، هاوپەیمانیەتیی لەگەڵ ئەورپییەکان بکا،. ئەو گوتی: "دەشێ کورد هێلکەکانی لە یەک سەبەتە دانەنێت، بەڵام ئایا سەبەتەی مەعقوول هەیە بەدیلی سەبەتەی ئەمەریکا بێت، بۆیە دەبێت زۆر وریا بین لە مامەڵەی سیاسیمان و ستراتیژی بڕیار بدەین، نەوەکوو عاتیفی".

 


logo

Copyright ©2019 Basnews.com. All rights reserved