کۆمەڵناسێک: لە رۆژئاوای کوردستان یەكگرتوویی نەبێت زیندووبوونەوەی كورد نابێت

"ئێستا رۆڵی سەرۆک بارزانی بۆ رۆژئاوای كوردستان زۆر گرنگە"

31/10/2019 - 14:32 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

سازدانی: سەرپیل گونەیش

وەرگێڕانی لە توركییەوە: كارزان گلی

سوپای ئەمریكا لەو كاتەدا هێزەكانی خۆی لە سووریا كشاندەوە، كە هەنگاو دەنرا بۆ ئەوەی داهاتووی سووریا دەستنیشان بكرێت، ئەمەش وای كرد پرسیار بكرێت كە داهاتووی كورد و ئەو قازانجانەی لە رۆژئاوا كردوویەتی بەرەو كوێ دەچێت؟

دوای ئەوەی كورد بەرامبەر بە گرووپی تیرۆریستیی داعش توانی سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت، چاوەڕوانی ئەوە بوون تا كورد لە رۆژئاوا فیدڕاڵی وەربگرێت، یان هەر هیچ نەبێت بتوانن ببنە خاوەنی حوكمی زاتی، بەڵام لەو كاتەدا سوپای توركیا هێرشی كردە سەر رۆژئاوا و هەموو دەسكەوتەكانی كوردی خستە ژێر مەترسییەوە.

لەبارەی بارودۆخی رۆژئاوا و ئاییندەی كورد، (باسنیوز) گفتوگۆیەكی لەگەڵ  کۆمەڵناس (سۆسیۆلۆگ) (ئۆزتەكین چەتین) ساز کردووە كردووە.

(باسنیوز) لە رێككەوتنی نێوان توركیا و رووسیا و توركیا ئەمریكا كێ قازانج دەكات؟ بە بۆچوونی تۆ كوردانی رۆژئاوا لەو رێككەوتنەدا هیچ دەستكەوتێكیان دەبێت؟

_ لەڕاستیدا نە قازانج و نە دۆڕان هەیە، هەموو دەیانەوێت لەگەڵ ئەو تیپەدا بن كە گوڵی كردووە. ئێستا بارودۆخەكەدا زۆر ناڕوونە و ئەوە هەنگاوانەی نراویشن، هەنگاوی گەورە نین. بۆ نموونە لە ٢٠١٢ بەبێ ئەوەی شەڕ روو بدات كۆبانێ لە دەستی رژێم دەرهێنرا، واتە رژێم ئەو شوێنەی بەبێ شەڕ رادەستی یەپەگە كرد، بەڵام ئەمجارەیان پێچەوانەیە و یەپەگە دەڕوات و رژێم دێتە شوێنی، ئێستا كێ بردییەوە و كێ دۆڕاندی. ئەمریكا هەر خۆی دەڵێت دەكشێمەوە و دەچێتە ئەو شوێنانەی نەوتی لێیە، بۆیە ئایا ئەمریكا دۆڕاوە یان نا؟ تەواوی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لەژێر كۆنتڕۆڵی توركیا دان و توركیا هاوكارییان دەكات، ئایا توركیاش دۆڕاوە. ئێمە بە زمانی تی ڤی لێڕاهاتووین، ئەویش ئەوەیە بڵێین كامەمان لەسەر حەقین.

(باسنیوز) قۆناغی نووسینەوەی دەستوور لە سووریا تازە دەستی پێكرد، بۆیە پرسی چارەسەری لەوێ تازە هاتووەتە كایەوە و هەر لایەنە و هەوڵ بۆ خۆی دەدات لە دەستووردا جێبەجێی بكات. بۆ كوردیش هەروایە و قازانجی كورد دەكەوێتە سەر ئەو هەوڵەی دەیدەن هەوڵەكانیان دیاری دەكات لە دەستووردا چی قازانج دەكەن.

*نووسینەوەی دەستوور لەژێر چاودێریی نەتەوە یەكگرتوەكاندا چی بۆ كورد تێدا دەبێت؟

_ نووسینەوەی دەستوور تازە دەستی پێكردووە و بە بۆچوونی من زۆری پێ دەچێت، تەنانەت هەندێك جار چاوپێكەوتنەكان ناكرێت. بۆ نموونە ئەگەر بێت و ئەمریكا لە سایەی یەپەگە لە رۆژئاوا بمێنێتەوە، ئەوكات مەتنی دەستوور گۆڕانی بەسەردا دێت، بەڵام ئەوەی گرنگە شێوەی دەوڵەت چی لێ دێت. ئەم بڕیارە جگە لە دەرەوەی ٥ تا ٦ مادە نەبێت، هەموو مادەكانی دەستووری دونیا لە یەكتری دەچێت، بۆیە تەنیا ٦ مادە گرنگە چی لێ دێت.

من وای بۆ دەچم تەنیا ٢ یان زیاتر لە فیدڕاڵییەتێك بەرهەم بێت لە نووسینەوەی دەستووردا، بەڵام ئەمەشیان هەر نابێتە چارەسەر، چونكە فیدڕاڵییەت لە سووریا وەكوو ئەو فیدڕاڵییەتە دەبێت كە عێراقدا هەیە. ئەگەر بێت و لەڕووی مەزهەبیشەوە بڕیاری جیابوونەوە لە سووریا بدرێت، كورد زەرەر دەكات، بەڵام ئەگەر بڕیار لەبارەی بە دیموكراتیبوونی سووریاوە بدەن، ئەوكات كورد دەتوانێت خۆی خۆی بەڕیوە ببات، بەڵام گرنگە ئەنەكەسەش رۆڵی پێ بدرێت و لە رۆژئاوا یەكێتی و یەكگرتوویی كورد گرنگە.

 

(باسنیوز) ئایا لیژنەی نووسینەوەی دەستوور رێگە بە فیدڕاڵی دەدەن لە سووریا؟

_ ئەگەر لەڕووی مێژووییەوە سەیری بكەین، ئەمە باشترین چارەسەرە، هەر لایەنە و خاكی خۆی دەپارێزێت و لە رێككەوتنی رووسیاشدا شتی لەو بابەتە هەیە، چونكە پێكهاتەیەكە كە بە یەكێتی دەمێننەوە و خاكی خۆشیان دەپارێزن. ئەگەر وا نەبوایە ئەڵمانیا دەمێك بوو دابەش دەبوو. دەمەوێت بڵێم ئێستا كۆنفیدڕالیزم لە سووریا مومكین نییە و رێگەی پێ نادەن، بۆیە تەنیا فیدڕاڵی دەمنێتەوە وەكوو چارەسەر.

 

(باسنیوز) بۆ ئەوەی كوردی رۆژئاوا بتوانن بە قازانج لەم قۆناغەدا لێی بچنە دەرەوە، چی هەنگاوێك بهاوێن بە بۆچوونی تۆ؟

_ ناكرێت ئەوەی لە توركیا كردوویانە لە سووریاش بیكەن، بۆ نموونە ئەگەرێكی زۆر هەیە باكووری سووریا بۆ توركیا بەجێ بهێڵن، تەنانەت ئەگەر هەیە كۆبانێ و قامیشلۆ بدەنەوە دەستی توركیا و رەنگە ئیدلیبیش بخەنە ناو ئەو بەرنامەیەوە. لە دەرەوەی وڵات ملیۆنان سوننە هەیە و ئەگەر ئەوان بهێننە ناو كورد و لە خاكی ئەوان نیشتەجێیان بكەن و كوردیش لەناو خەڵکی نوسرایی (پێکهاتەی عەرەبی عەلەوی) نیشتەجێ بكەن، ئەمە بۆ نوسراییەكان خۆی نابێت و بۆ سوریاش خۆشی بەدوای خۆیدا ناهێنێت، بۆیە دەبێت كورد ئاگاداری ئەو لایەنە بێت.

بۆ ئەوروپا و ئەمریكا یەكگرتوویی كورد زۆر گرنگە، چونكە ببینن رژێم و توركیا هیچ بەڵێنێك بە كورد نادەن، تەنانەت رۆژێك دێت رەنگە بڵێن یەپەگە زیادە و پێویستە نەمێنێت. بۆیە كاتی بەهێزبوونی كوردە بە یەكگرتوویی.

دەمەوێت ئەوە بڵێم كە زۆر گرنگە و لای خۆتان بینووسنەوە، توركیا ئەوەندەی ئەمریكا گرنگە لە نووسینەوەی دەستووری سووریادا، بۆیە دەبێت ئەو لایەنە بە هەند وەربگیرێت.

 

*باشووری كوردستان چۆن دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە پارێزگاریكردنی مافی كورد لە رۆژئازادا؟

_ ڕۆڵی سەرۆك مەسعوود بارزانی زۆر گرنگە، ئێستا گرنگترین سەرۆكی كورد بارزانییە، بۆیە گرنگە ئەزموونی ئەو و كاریزمایی ئەو سەرۆكە سوودی لێ وەربگیرێت بۆ رۆژئاوای كوردستان. لە ئەنجامدا لە سووریا پێكهاتەیەكی وەكوو عێڕاق بۆ كورد هاتووەتە كایەوە، لە عێڕاق لەسەر بنەمای جیاوازیی ئەتنیكی دەوڵەتێك دروست بوو، بەڵام لە سووریا لەڕووی ئەتنیك و دینییەوە بنەمای بەڕێوەبردن دروست بووە.

لە سووریا ئەوەی گەورەیە، یان هەموو شتێكی بەدەستە تەنیا ئەمریكا نییە، چونكە ئەوكاتەی ئەمریكا سەدام حوسێنی لەناو برد، رووسیا بەو شێوەیەی ئێستا بەهێز نەبوو و ئێرانیش لە ناخەوە پێی خۆش بوو سەدام نەمێنێت، بۆیە ئێستا هاوكێشەكە وا نییە.

بۆیە گرنگە كورد زۆر دیبلۆماسی بێت و ئەو دیبلۆماسییەتەش لە باشووردا هەیە و لەڕووی بازرگانیشەوە رۆژئاوا زۆر پەیوەست دەبێت بە باشوورەوە. بۆ نموونە دەكرێت لەڕێگەی باشوورەوە دیالۆگی نێوان رۆژئاوا و توركیا روو بدات، یان رۆشنبیران و چالاكوانان و خەڵكی سڤیل دەتوانن رۆڵ ببینن و رێكخراوی سەربازی و سیاسییەكان زیاتر بێنە مەیدانەوە. هەروەها كەسایەتیی بارزانی دەكرێت سوودی لێ وەربگیرێت بەوەی وەكوو سەرۆكێكی بێلایەن هاوكاری رۆژئاوا بكات.


logo

Copyright ©2019 Basnews.com. All rights reserved